تاڵیبان خزمەتگوزاریی پەیوەندیی لە ئەفغانستان ڕاگرت

دوای قەدەغەکردنی ئینتەرنێت و چەندین ناونیشانی کتێب لە زانکۆکان حکومەتی تاڵیبان هەستا بە قەدەغەکردنی خزمەتگوزاریی پەیوەندی
لە چوارچێوەی ڕێسا و هەوڵە توووندەکانی تاڵیبان، خزمەتگوزاریی پەیوەندیی لە ئەفغانستان قەدەغە کرا.
دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان لە دوێنێ دووشەممەوە هەموو خزمەتگوزاریی پەیوەندی لە وڵاتەکەدا ڕاگرتووە و بەگوێرەی "ئینتەرنێت واچدۆگ نێتبلۆکس"، چالاکی پەیوەندییەکان لەم وڵاتە بۆ کەمتر لە 1% کەم بووتەوە.
لەگەڵ دەستپێکردنی ڕاگرتنی خزمەتگوزاریی پەیوەندی حکومەتی تاڵیبان بە ئاژانسی فەڕەنسا پرێسی ڕاگەیاند، 8 بۆ 9 هەزار ستوونی پەیوەندییەکان بۆ کاتێکی نادیار لەکاردەخرێن و کەرتی بانکی، گومرگەکان، هەموو شتێک لە سەرانسەری وڵاتدا کاریگەریی لەسەر دەبێت.
ئەم هەوڵەی تاڵیبان لە کاتێکدایە، دوو هەفتەیە لەمەوبەر تاڵیبان 140 ناونیشانی کتێبی نووسەرانی ئافرەتی قەدەغەکرد و لەگەڵ 680 کتێبی دیکەی لە زانکۆکان لابرد، کە بە پێچەوانەی یاسای شەریعەتی ئیسلام لە قەڵەم دراون، تەنانەت کتێبی زانستیش بە ناونیشانی "خۆپارێزی لە تاقیگەی کیمیایی" قەدەغە کراون.
سەرەڕای ئەمەش، ماوەیەکە ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیک لە چەند پارێزگەیەکی باکووری ئەو وڵاتە ڕاگیراون و گوتەبێژی بزووتنەوەکەش دەڵێت، ئەو هەنگاوە بە مەبەستی "رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی بەدڕەوشتی".