ئەمریکا 100 کەسی ئێرانی دیپۆرتی تاران دەکاتەوە

بەمەبەستی دیپۆڕتکردنەوەیان وا بڕیارە فڕۆکەیەک لە ئەمریکاوە بە 100 سەرنشینی ئێرانی بگاتە تاران
لە چوارچێوەی پلانەکانی دیپۆڕتکردنەوەی پەنابەران ئەمریکا 100 کەسی بە ڕەگەز ئێرانی بە هۆکارێکی نادیار دیپۆڕتدەکاتەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی نیویۆرک تایمز، لە ئێوارەی دوینێ چوارشەممەوە فڕۆکەیەکی بەکرێگیراوی ئەمریکی بە 100 کۆچبەری ئێرانییەوە لە ویلایەتی لویزیانا هەڵفڕی و بڕیارە ڕۆژی سێشەممە لە ڕێگەی قەتەرەوە بگاتە تاران.
ئەم دیپۆرتکردنەوە یەکێکە لەو کارە دیارانەی کە ئیدارەی ترەمپ بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران ئەنجامی دەدات بەبێ گوێدانە ئەو بارودۆخەی کە ڕەنگە بگەڕێندرێنەوە بۆیان، ئەمە سەرەڕای ئەوەی واشنتۆن مافی پەنابەری بەو ئێرانییانە داوە کە لە وڵاتەکەیان هەڵدێن، لەوانەش وەک ناڕازییە سیاسییەکان، ڕۆژنامەنووسان، پارێزەران و چالاکوانانی مافی ژنان.
تا ئێستا زانیاری لەسەر هۆکاری چوون و مانەوەی ئەم 100 کەسە ئێرانییە بۆ ئەمریکا ئاشکرا نەبووە، بەرپرسانی ئەمریکاش هیچ لێدوانێکیان لەبارەی دیپۆڕتکردنەوەی ئەم 100 کەسە ئێرانییە نەداوە، سەرەڕای داواکاری ئاژانسی ڕۆیتەرز بۆ ئاشكرا کردنی زانیاری.
دیپۆرتکردنەوەکان جێگەی سەرنجن چونکە زۆر دەگمەنە ئێرانییەکان راستەوخۆ لە ئەمریکاوە بنێردرێنەوە، لەبەر ئەوەی هەردوو وڵات پەیوەندی دیپلۆماسی فەرمییان نییە، بە شێوەیەکی ئاسایی ناردنی کەسێک بۆ ئێران پێویستی بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دیکە هەیە بۆ یارمەتیدان لە گواستنەوەکە، لە دیپۆڕکردنەوەی ئەم 100 کەسەش قەتەر خاڵێکی نێوەندگیریی گرنگ بووە.