وادەی ڕاگەیاندنی تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوی هەولێر ئاشکرا دەکرێت

پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی خێرای هەولێر لە قۆناغی کۆتایدایە
پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی خێرای هەولێر لە قۆناغی کۆتایدایە و وادەی ڕاگەیاندنی تەواوکردنی پڕۆژەکە ئاشکرا دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەم، کە لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن کۆمپانیای هێمن گرووپ دەست بەجێبەجێکردنی کراوە.
بەگووتەی پارێزگای هەولێر، بە تەواوبوونی کێشەی کەمئاوی تا 30 ساڵی دیکە لە هەولێر و دەوروبەری چارەسەر دەکات، چونکە لە ڕۆژێكدا 480 هەزار مەتر سێجا ئاو دەپاڵێوێت، بۆ هەر کاتژمێرێک 20- 21 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ گەڕەكەكانی شاری هەولێر دەنێرێت.
جێگەی باسە، پڕۆژەكە بە چوار هێڵی سەرەكی لە نێوان گەڕەكەكانی نێوان شەقامی 120 مەتری و شەقامی 150 مەتری جێبەجێ دەكرێت، كە گەڕەكەكانی نێوان ئەو شەقامانە و دەرەوەی شەقامەكان و هەریەك لە گەڕەكەكانی دارەتوو، بنەسڵاوە، كەسنەزان، پیرزین، شاوێس، بەحركە، عەنكاوە و سێبیران لێی سوودمەند دەبن.
پارێزگاکە وادەی تەواوکردنی پڕۆژەکە ئاشکرا دەکات، دوای تەواوکردنی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە، لە ئێستادا قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە، لە %95ـی کارەکانی تەواو بووە و لە قۆناغی کۆتاییدایە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکرێتەوە.
شایەنی باسە، بە جێبەجێكردنی پڕۆژەکە دەبێتە داخستنی زیاتر لە هەزار بیری ئاو، بە مەبەستی پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و بەفیڕۆنەدانی.