ئێران سیخوڕێکی مەترسیداری مۆسادی لە سێدارە دا

بە تۆمەتی "گەندەڵی لەسەر زەوی " و سیخوڕیکردن ئێران کەسێکی دیکەی لە سێدارەدا
ئێران بەردەوامە لە دەستگیرکردن و لە سێدارەدانی ئەو کەسانەی لە ماوەی جەنگی ئیسرائیل و ئێڕان سیخوڕیان لە وڵاتەکە کردبوو و ئەمجارە یەکێکی دیکەیان لە سێدارەدا.
ئەمڕۆ دووشەممە، پێگەی ئێران ئۆبسێرڤەر بڵاویکردەوە، دەسەڵاتی دادوەری ئێران، سیخوڕێکی بە ناوی (بەهمەن چوبی ئەسڵ)، بە تۆمەتی هاوکاریی هەواڵگری لەگەڵ دەزگای مۆساد و گەندەڵی لەسێدارە درا، ئەمەش دوای ئەوەی دادگەی باڵا تانەی تۆمەتبارەکەی ڕەتکردووەتەوە و سزای لەسێدارەدانی بە تۆمەتی "گەندەڵی لەسەر زەوی " پەسەندکرد.
دەسەڵاتی دادوەری ڕایگەیاندووە، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبار، دادگایەک بە ئامادەبوونی پارێزەری تۆمەتبار بەڕێوەچووە و بڕیارەکەش دوای پشتڕاستکردنەوەی لەلایەن دادگای باڵاوە جێبەجێ كراوە.
باس لەوەش کراوە، کە ئامانجی سەرەکی دەزگای هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئیسرائیل - مۆساد بەدەستهێنانی داتابەیسەکانی دەزگاکانی حکومەت و هاککردنی ناوەندەکانی داتاکانی ئێران بووە، جگە لەوەش هەوڵیدا ئامانجە لاوەکییەکانی دیکە بەدیبهێنێت، لەوانەش گەڕان بەدوای ڕێڕەوی هاوردەکردنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان.
پێشووتریش لە 17-9-2025، سیخوڕێکی دیکە بە ناوی (باباک شاهبازی)، باوکی دوو منداڵ بوو و تەمەنی 44 ساڵ بوو، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران بەتۆمەتی گواستنەوەی زانیاری بۆ تەلئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل لە ماوەی جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، لە سێدارە درا.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە دوای جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دەسەڵاتدارانی ئێران لانیکەم 10 کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێسرائیل لە سێدارە داوە.