پارەی گەنمی جووتیاران دابەش دەکرێت
سبەی سێشەممە دەست بە دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەکرێت.
لەکاتێکدا وا بڕیاری دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە درا، جووتیارانی هەولێر و دهۆک هێشتا لە چاوەڕوانی دیاریکردنی وادەی دابەشکردندان.
ئەمڕۆ دووشەممە، سایلۆی سلێمانی ڕایگەیاند، شایستە داراییەکانی جووتیاران گەیشتووە و لە سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین سبەی سێشەممە دەست بە دابەشكردنی دەكرێت، بۆیە داواکارن لەو جووتیارانەی کە گەنمیان ڕادەست بە سایلۆی سلێمانی کردووە و پشگیری بەشە کشتوکاڵییەکانیان لە 50 تۆن بەرەو خوارە ( رصیدەکانیان)ـە، لە مستندی ژمارە بیتاقەی (١) بۆ مستندی ژمارەی بیطاقەی 113 سبەی سێ شەمە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی چەکی شایستە داراییەکانیان.
لەبەر ئەوەی ئەمساڵ بە یەك گوژمە پارەی گەنمی جووتیاران نادرێت، بۆیە لە بانكی بازرگانی عێراق نێردراوە، لە کاتێکدا لە ساڵانی ڕابردوو پارەی گەنم هەولێر و دهۆك لە لقی بانكی ناوەندیی لە هەولێر دادەنرا، بۆیە دابەشکردنی پارەی گەنم لەم دوو پارێزگایە دواکەوتووە.
پێشووتر هێمن سەید موراد، بەرێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر بە پایتەخت میدیا ڕاگەیاندبوو، کە بڕی 57 ملیار گەیشتووە، 20 ملیاری بۆ هەولێرە و 25 ملیاریش بۆ سلێمانییە و 12 ملیاریش بۆ دهۆک تەرخانکراوە.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەرگرت، کە بەهاکەی 340 ملیار دینارە، دواتر ئەو بڕە گەنمەی لە لای جووتیارانی هەرێم مابوویەوە، لەلایەن هەردوو کۆمپانیای ناوخۆیی (خۆشناو و قەیوان)ـەوە لە جووتیاران وەرگیرا.