بە چاندنی ملیۆنان دار پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەستیپێکرد

لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکومەت پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی دەستیپێکرد
قۆناغی یەکەمی پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر بە چاندنی ملیۆنان دار، لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە بلاتفۆڕمی فەسیبووک بڵاویکردەوە، لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە سنووری بەحرکە، ئەمڕۆ قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی بە چاندنی ملیۆنان دار لە دەوروبەری هەولێری پایتەخت دەستیپێکرد.
ئەوەی پێویستە، پڕۆژەیەکە ستراتیژیی گرنگە کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی خۆڵبارین، ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی.
بەگووتەی ئومێد خۆشناو، لە قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆژەیەدا، کە ڕووبەرەکەی 13 هەزار دۆنمە، تەنیا داری زەیتوون و فستق دەچێنرێت، بە گشتی لەهەموو قۆناغەکانی ئەو پڕۆژەیەدا 7 ملیۆن دار دەچێنرێت.
باسی لەوەکرد، لە ماوەکانی ڕابردووشدا چەندان ڕێکار بۆ پاک ڕاگرتنی ژینگە گیرانەبەر و چەندان پڕۆژەش جێبەجێکران، لەوانەش داخستنی مۆلیدەی گەڕەکەکان و پڕۆژەی ڕووناکی.
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، پشتێنەی سەوزایی لە ماستەر پلانی هەولێر یەکێک بووە لە پڕۆژە گرنگەکانی پاک ڕاگرتنی ژینگە و بە تەواوبوونی، ڕێژەی سەوزایی پایتەختی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 25% زیاد دەکات.