لە ڕێگەی فرۆشتنەوەی نینۆکی خۆیان هاووڵاتییانی چین پارە پەیدا دەکەن

چین سوود لە شێوازێکی دێرینی دروستکردنی دەرمان لە ڕێگەی نینۆکی مرۆڤ بەکار دەهێنێت
چین نینۆکی خەڵک بۆ دروستکردنی دەرمان بەکاردەهێنێت و هاووڵاتییانیش لە ڕێگەی فرۆشتنەوەی نینۆکیان پارە پەیدا دەکەن.
پێگەی ساوس چاینە مۆرنینگ پۆست بڵاویکردەوە، لە هەرێمی هابێی چین ژنێک کە لە منداڵییەوە نینۆکی قرتاوی خۆی کۆدەکردەوە و هەر کیلۆیەکی بە 21 دۆلاری ئەمریکی لە ئۆنلاین دەفرۆشت.
بەگوێرەی سیستەمی دەرمانی دێرینی چینی TCM، نینۆکی مرۆڤ کەرەستەیەکی گرینگە بۆ چارەسەرکردنی هەڵئاوسانی ریخۆڵەی منداڵان، چارەسەرکردنی شوێنی برین و نەهێشتنی کەرەستەی ژەهراوی نێو لەش.
چەند کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەری دەرمانی دیرینی چینی هەڵدەستن بە کڕینەوەی نینۆکی هاووڵاتییان، دواتر نینۆکەکان وشک دەکەنەوە و وردی دەکەن، لەگەڵ چەندان دەرمان و کەرەستەی دیکە تێکەڵی دەکەن.
پڕۆفیسۆر لی جمین لە زانکۆی چێنگدوی چین بە میدیا چینییەکانی گوت، ئەم نینۆکانە سەرەتا بە شێوەیەکی زۆر باش پاک دەکرێنەوە ئینجا وردەکرێن و لەگەڵ کەرەستەی دیکەدا تێکەڵ دەکرێن، سەبارەت بەو کەسانەشی کە دڵگران بوون لە بەکارهێنانی نینۆکی پێ لە نێو ئەم دەرمانانە، لی جمین دڵنیای دا کە تەنیا نینۆکی دەست بە کاردەهێندێت.
سیتەمی دەرمانی دێرینی چینی TCM، مێژووەکەی بۆ 2 هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە و تێیدا پشت بە کەرەستەی سرووشتی و گیایی و شێوازی دێرین دەبەسترێت بۆ دروستکردنی دەرمان، جگە لە نینۆکیش، قژ، ددان و تەنانەت تۆشکی سەری مرۆڤیش بۆ دەرمان بەکار دەهێن.