ڕۆژی فرۆشتنی موڵکەکانی کۆمپانیای چاڤی دیاریکرا

رۆژی یەکشەممە پڕۆسەی فرۆشتنی موڵکەکانی کۆمپانیای چاڤی بەڕێوەدەچێت و وەزارەتی دارای ڕێنمایی بۆ کڕینی ئەم موڵکانە دەداتە هاووڵاتییان
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم ڕۆژی دەستپێکردنی پڕۆسەی فرۆشتنی موڵکەکانی کۆمپانیای چاڤی دیاری کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم ڕایگەیاند، رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو داهاتووو پڕۆسەی فرۆشتنی زیادکردنی ئاشکرایی موڵکەکانی کۆمپانیای چاڤی لە بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی بەڕێوە دەچێت کە ژمارەیان 60 موڵکە.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمدا هاتووە، فرۆشتنی ئەم موڵکانە بەمەبەستی گەڕانەوەی قەرزەکانی بانکەکانی سەر بەوەزارەتەکەیانە کە بڕەکەی 91.760.660.350 ملیار دینارە و سەرجەم موڵکەکانیش بەیەک پاکێج دەفرۆشرێن.
وەزارەتی دارایی هەرێم داواش لە هاووڵاتییان دەکات، کە هەر کەس و لایەنێک دەیەوێت بەشداری لە پڕۆسەی زیادکردنەکەدا بکات، دەتوانێت لە نزیکترین کاتدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی بکات بەمەبەستی دەستخستنی زانیاری و ئەنجامدانی ڕێکارە کارگێڕی و یاساییەکان.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە 31-8-2025، دەست بەسەر 60 موڵکی کۆمپانیای نالیا و چاڤیدا گیرا، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە ڕێگەی زیادكردنی ئاشكرا، موڵكەكانی كۆمیانیای چاڤی دەفرۆشێت، كە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ خاوەندارێتیی دەکات.