خشتەی مووچەی مانگی 9 لە سیستەمی پەیڕۆڵ ئامادەیە

سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری وادەی ئامادەکردنی لیستی مووچەی خانەنشینان بە تەواوی بە سیستەمی پەیڕۆڵ ڕاگەیاند
لەسەر داوای سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی دیوان و وەزارەتی دارایی و ئابووری لیستی مووچەی خانەنشینان بە تەواوی بە سیستەمی پەیڕۆڵ ئامادە دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێم لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک ڕایگەیاند، خشتەی مووچەی مانگی 9 لە سیستەمی پەیڕۆڵ ئامادەیە و بەکارهێنەرانی ئەپلیکەیشنی KRDPASS دەتوانن وردەکاریەکانی مووچەیان ببینن.
لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا نووسی، لە مانگی داهاتووەوە لیستی مووچەی خانەنشینانیش بە تەواوی بە سیستەمی پەیڕۆڵ ئامادە دەکرێت، بەمەش وەزارەتی دارایی کۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەر پرۆسەی دابین کردن و دابەش کردنی مووچە بە شوازێکی دیجیتاڵی پێشکەوتوو و دادپەروەرانە دا دەبێت.
سیستمی پەیرۆڵ سیستمێکی پێشکەوتووی ئەلیکترۆنییە لە چوارچێوەی چاکسازیەکانی حکومەتی هەرێم لە کابینەی 9 دا جێبەجێ کراوە، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەزار و 400 یەکەی ژمێریاری هەن و لە ڕێگەی سیستەمی پەیرۆڵ مووچەی مانگانەیان ئامادە دەبێت.