دوای 10 ساڵ جارێکی تر نەتەوە یەکگرتووەکان سزای بەسەر ئێران سەپاندەوە

بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا "میکانیزمی سناپباک"ـیان سەپاندنەوەی خێرای سزاکانیان کاراکرد و ئەو سزایانەی بەپێی رێککەوتنی ساڵی 2015 هەڵگیرابوون جارێکی دیکە کارا دەبنەوە
دواجار ئێران شکستی هێنا لە هەوڵەکانی بۆ ڕێگریکردن لە سەپاندنی سزای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر وڵاتەکەیان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، دوای تەواوبوونی وادەی میکانیزمی سناپباک، واتا "گەڕانەوەی سزاکان"، ترۆیكای ئەوروپی (فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا) بە هاوبەشی گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێرانیان ڕاگەیاند، ئەم بڕیارەش لە دوای ئەوەوە دێت کە ئێران پابەند نەبووە بە ڕێککەوتنی ساڵی 2015، کە دەبوایە پەرەپێدانی پڕۆگرامی ئەتۆمی ڕابگرێت، ئێرانیش لەلایە خۆیان هەوڵی پەرپێدانی ئەم پڕۆگرامە ڕەت دەکاتەوە.
دوای ئەم بڕیارە لەلایەن خۆیەوە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە تاران کرد بەبێ دواکەوتن لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆی ڕاستەوخۆی دیپلۆماسی بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشووتر بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا ماوەی مانگێکیان بۆ ئێران دیاریکردبوو تا بگەڕێتەوە نێو رێککەوتنەکە و بە پێچەوانەوە بڕگەی میکانیزمی سناپباک کارادەکەن، کە بڕگەیەکی تایبەتە بە گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر تاران، وە لەگەڵ تەواوبوونی ئەم وادەیە، دەستبەجێ سزاکانی سەر ئێرانیان کارا کرد.