پایتەخت

ئەندامێکی بەرەی گەل پەیامێکی تووند بڵاودەکاتەوە

ئەندامێکی بەرەی گەل پەیامێکی تووند بڵاودەکاتەوە
کورتە

ئەگەر کێشەی لاهور شێخ جەنگی خێزانییە بۆچی تا ئێستا ڕووبەڕووی دادگە نەکراوە؟

ئەندامێکی بەرەی گەل لەسەر کێشەی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی کە بە 'خێزانی' ناودەبردرێت پەیامێکی تووند بڵاودەکاتەوە.

 

ئەمڕۆ شەممە ژینۆ محەممەد، ئەندامی بەرەی گەل لە بلاتفۆڕمی فەیسبووک بڵاویکردەوە، لە دوای کودەتای 8ـی تەمموزەوە جگە لە دەرکردنی لاهوری شێخ جەنگی و ئێمە کە چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی بووین، لە ناو هەموو ئۆرگانێکی یەکێتیش هەرکەسێک سڵاوێكی لاهوری شێخ جەنگی کردبێ یان دوور خراوەتەوە یان ناچار کراوە کە پێچەوانەی خۆی ڕەفتار بکات.

 

بەگووتەی ئەو ئەندامەی بەرەی گەل، تا ئێرەش دەکرێت بڵێین ئاساییە کەسانێک هەر لەو بڕوایەدا بووبن کە کێشەکان خێزانیین، لە دەرەوەی یەکێتی بەرەی گەلمان دروست کرد زۆرترین ئاستەنگ و ڕێگری لە ئەندام و لایەنگرانمان کراوەو، جۆرەها هەڕەشە بەکارهاتووە و هەر بەردەوام بووین.

 

دەربارەی ڕووداوەکەی لالەزار ژینۆ محەممەد ئاشکرای دەکات، لە 22ـی ئاب کە فەرمانێکی دەستگیرکردن دەرکر، وەک کەسێکی یاسایی دەڵێم هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی نەبینرا لە ئەلفەوە بۆ یائی پڕۆسەکە و تێیدا بە دەبابە و درۆن و دەیان چەکی قورس هێرش کرایە سەرمان و ئەنجام بە شەهید بوون و سوتانی چەندین گەنجمان و دەستگیرکردنی زۆرێک لە هاوڕێیانمان کۆتایی هات کە زۆربەمان دوور و نزیک هیچ پەیوەندیەکی خزمایەتیمان لەگەڵیان دا نییە.

 

لەبارەی کیشەی لاهور شێخ جەنگی کە بە خێزانی ناودەبردرێت باسی لەوەکرد، دوای ئەو کارەساتەش دەستگیردن و هەڕەشە کردن لە لایەنگرانمان بەردەوام بووە، دەپرسم ئەگەر کێشەی لاهوری شێخ جەنگی سیاسی نییە و خێزانییە لە دوای دەستگیرکردنی کاک لاهور بۆچی بە دوای خەڵکانی ئێمەوە بوون؟.

 

لە بڵاوکراوەکەیدا هاتووە، ئەگەر کێشەکان خێزانیین یان یاسایین دوای 36 ڕۆژ لە دەستگیرکردن بۆچی تا ئێستا ڕووبەڕووی دادگە نەکراونەتەوە؟. 

 

لە کۆتاییدا دووپاتیدەکاتەوە، ئەوەی بە چاوێکی کراوە و ویژدانەوە سەیری بابەتەکە بکات دەزانێت کێشەکان نە خێزانیین نە یاسایی، بە داخەوەش ئەوە دەڵێم هەرچەند خۆم کەسێکی یاساییم بەڵام یاسا ناتوانێ چارەسەری ئەو کێشەیە بکات چونکە بنەمای کێشەکە سیاسیە.

27 ئەیلوول 2025 22:26 205
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025