مهسرور بارزانی بۆ سوودانی: نابێت مووچەکانی ئەمساڵ بفەوتێن

مەسرور بارزانی بە تەلەفۆن بە سوودانی گوت دەبێت کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببێت
لەبارەی ڕێککەوتنی سێ قۆڵی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران، هەردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێم و عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.
ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێم مەسرور بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێگەیشت و هەردوولا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان بە دەستکەوتێکی گرنگ ناوبرد کە لە خزمەتی هەموو گەلی عێراق و کردستان دایە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوای کرد کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببێت بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی کوردستان لە دڵەڕاوکێدا نەبن، گوتیشی نابێت مووچەکانی ئەمساڵیش بفەوتێن، و هیوای خواست ئەم ڕێککەوتنە ببێتە ڕێخۆشکەر بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و گاز.
هاوکات سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ سوپاسی سەرۆکی حکومەتی بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتن نەوت کرد و سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرد بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیاندا، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆکی حکومەت هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لە بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2026 ، پێویستە هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی خۆی هەبێت.
سەبارەت بە پڕۆژەی گەشەپێدان، سوودانی جەختی کردەوە کە دەرفەتی ئابووری گرنگ لە ئارادان بۆ ئەنجامدانی گەشەپێدانی زیاتر لە هەموو عێراق، لە بەسڕەوە تا هەرێمی کوردستان، وە باس لە گرنگیی ئەنجامدانی پڕۆژی ڕێگەی گەشەپێدان کرا، کە بۆ ئەم مەبەستە، بەم زووانە لێژنەیەکی تایبەت لە بەغداوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ نەهێشتنی هەموو ئاستەنگەکان لە بەردەم جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گرنگە کە کاریگەرییەکی گەورەی لە سەر گەشەپێدانی ئابووری لە هەموو عێراقدا دەبێت.