نووری مالیکی: مەرج نییە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق شیعە مەزهەب بێت
بۆ یەکەمجار نووری مالیکی بۆچوونی خۆی لەبارەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق گۆڕی
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، نووری مالیکی بۆچوونێکی جیاوازی بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو خۆی لەبارەی پۆستی سەرکوەزیانی عێراق دەربڕی.
ئەمڕۆ شەممە، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، دەستووری عێراق هیچ مەرجێکی تێدا نییە کە سەرۆکوەزیرانی داهاتوو شیعە مەزهەب بێت، وە ئەم پشکە دەرەنجامی تەوافقی سیاسیی بووە نەک دەقێکی دەستووری.
ئەمە لە کاتێکدایە، نووری مالیکی وەک کەسایەتییەکی شیعە مەزهەب هەمیشە پێداگر بووە لەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران تەنیا پشکی شیعەیە و لەنێو شیعەشدا پشکی دەوڵەتی یاسایە.
ناوبراو لە درێژەی قسسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە ئێستادا 10 کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ئامادەیە، بەڵام هیچ کامیان بەبێ ڕەزامەندی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو پۆستە وەرناگرێت.
لە دوای ڕوخانی ڕژێمی سەددام لە ساڵی 2003 ـەوە، واتە ماوەی 22 ساڵە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە باڵاترین دەسەڵاتی عێراقە بە کەسانی شیعە مەزهەبە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی هیچ دەقێکی دەستووری یان یاسایی ئەم بابەتەی بەم شێوەیە ڕێکنەخستووە.
وا بڕیارە لە ڕێکەوتی 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و نزیکەی 8 هەزار کەس خۆیان بەربژێر کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا چەندین کەس بە تۆمەتی گەندەڵی و هەبوونی پێشینەی بەعسی لە چانسی بەربژێربوونیان دوورخراونەتەوە.