کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر دەبێت

ڕاوێژکارێکی سوودانی دڵنایی دەداتە هاووڵاتییان لەسەر کێشەی مووچە
لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕاوێژکارێکی سوودانی دەڵێت: "بە ڕێککەوتنەکەی عێراق و هەرێم کێشەکە بە یەکجاری چارەسەر دەکرێت”.
ئەمڕۆ هەینی حوسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە گەیشتن بەڕێککەوتن سەرکەوتوو بوون و ڕێککەوتنەکە ستراتیژییە، و بەپێی ئەم ڕێککەوتنەبێت بەستەڵەکی تەواوی کێشە داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەتوێنێتەوە، پرسی مووچەش بە یەکجاری چارەسەر دەکات.
بە گووتەی ڕاوێژکارەکە، ڕێککەوتنی سێقۆڵی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، سیاسەتێکی تەواوکاری لەنێوان هەردوو حکومەتەکە دەهێنێتە ئاراوە، دەبێتە هۆی چارەسەرکردنێکی ڕیشەیی بۆ کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
لەبارەی ئەگەری دووبارەبوونەوەی کێشەکان گووتی: “ئێستا هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بۆ ئەوەیە لەمەودوا ئەو کێشانە دووبارە نەبنەوە”.
لە کۆتاییدا باس لەوەدەکات، دواتر کار لەسەر یاسای نەوت و گاز بکرێت بۆ ئەوەی کاروباری نێوان هەردوو حکومەتەکە ڕێک بخات، لە کۆتایشدا ببێتە بنەمای کۆتایی هێنان بە کێشە داراییەکانی نێوانیان.