وەزارەتی پەروەردە نزیکەی هەزار تەن کتێبی کۆن دەفرۆشێت

وەزارەتی پەروەردە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت بڕیارمانداوە بە فرۆشتنی 1321 تەن کتێبی کۆن و سوودلێوەرنەگیراو لە رێگەی زیادکردنێکی ئاشکراوە.
بەمەبەستی فرۆشتنی کتێبی کۆنی سوود لێ وەرنەگیراو، وەزارەتی پەروەردە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی زیادەی ئاشکرا
ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، هەڵدەستێن بە ئەنجامدانی زیادەی ئاشکرا بۆ فرۆشتنی کتێبی کۆنەی سوود لێ وەرنەگیراو بۆ جاری دووەم و کەسی کڕیاریش پێویستە 69 ملیۆن دینار لە گەڵ خۆی ببات.
بەگوێرەی یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 2021 تایبەت بە فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت بەم شێوەی خوارەوە:
-ئەو کتێبانەی کە دەیفرۆشین بە نزیکەی 1321 تەن دەخەملێندرێت و ئەو بڕە لەوانەیە زیاتر یان کەمتر ببێت.
-کتێبەکان لە کۆگای ناوەندی وەزارەت و کۆگای گشتی پەروەردەی پارێزگا، ئیدارە سەربەخۆکان، کۆگای پەروەردەی قەزاکان کۆکراوەتەوە و پێویستە کڕیار لە شوێنى دیاریکراوى خۆیان هەڵیبگرێت.
-ئەرکی هەڵگرتن و بارکردنی ئەو کتێبانە دەکەوێتە ئەستۆی کڕیار.
- پێویستە کڕیار لە ماوەی 45 ڕۆژی تێکڕایی بێ پشوو ئەو کتێبانە لە هەموو کۆگاکان هەڵبگرێت، ئەگینا بەڕێژەی 0.5% لەبڕی بەرامبەری فرۆشتنەکە بێ بژاردە دەکڕیت بۆ هەر ڕۆژێکی دواکەوتن پاڵپشت.
-پێویستە کەسی بەشداربوو لە ڕۆژی زیادەی ئاشکرا چەکێکی بانکی بە مۆری سەفتەجە بە بڕی 69 ملیۆن دینار لە گەڵ خۆی بهێنێت وەک بارمتە ئەگینا مافی بەژداری کردنی نابێت.
-کرێی بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاگەیاندنە دەکەوێتە سەر ئەستۆی ئەو کڕیارەی بۆی دەردەچێت.
وەزارەتی پەروەردە وادەی ئەنجامدانی زیادکردنی ئاشکرا دەخاتەڕوو، لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 2ـی 10ـی 2025، کاتژمێر بەیانی 11:00 لە بینایەی ب. چاڵاکی قوتابخانەکان لە ب.گ. پەروەردەی هەولێر لە گەڕەگی ڕووناکی ئەنجام دەدرێت.