لەسەر 2 تەوەری تایبەت بە مووچە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆدەبێتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم تاوتوێی بۆچوونەکانی ئەنجوومەنی دەوڵەت تایبەت بە داهاتی نانەوتی دەکات
بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بەڕێوەدەچێت و پرسی گرینگ تاوتوێ دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و تێیدا لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەسەر ڕێککەوتنامەی سێ قۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و فیدراڵ و کۆمپانیاکانی نەوت دەبێت تایبەت بە پرسی هەناردەکردنی نەوت.
لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، شاندی دانوستانکار دوایین پێشهاتەکانی پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی دەخاتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران و تێیدا گفتوگۆ لەسەر وەڵام و بۆچوونەکانی ئەنجوومەنی دەوڵەت دەکرێت لەبارەی دابەشکردنی داهاتی نانەوتی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمیش بەفەرمی هەڵوێستی خۆی لەمبارەیەوە دەردەبڕێت.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە ڕەچاوکردنی ئەو ڕاپۆرتەی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەسەر پرسی ناکۆکییەکانی هەرێم و بەغدا لەسەر داهاتی نانەوتی بۆی ناردبوون، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی 7ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دا، بەڵام بە مەرجی رادەستكردنی بڕی 120 ملیار دیناری داهاتە نانەوتییەكان.