پەیامی بارەگای بارزانی بۆ شەهیدکردنی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم

پێویستە بە زووترین کات تاوانباری کوشتنی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم بدۆزرێتەوە
شەوی ڕابردوو کەسایەتی دیاری گەرمیان 'ئەکبەر حاجی ڕۆستەم' بەهۆکارێکی نادیار کوژرا و بارەگای بارزانی جەخت لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی سەرەکی دەکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی کوژرانی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم ڕایگەیاند، بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدکردنی فەرماندەی پێشمەرگە و كەسایەتی خەباتگێڕ ئەكبەر حاجی ڕۆستەمان پێ گەییشت.
باسی لەوەکرد، ئەكبەر حاجی ڕۆستەم تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەری ناسراوی دەڤەری گەرمیان و جێی ڕێزی خەڵكی كوردستان بوو و لەدەست دانی خەسارەت و كەلێنێكی گەورەیە.
لەبارەی دەستگیرکردنی تۆمەتبار گووتی: "پێویستە بە زووترین كات دام و دەزگاکانی دەڤەری گەرمیان تاوانباران بدۆزنەوە و ڕادەستی یاسا بكەن و بە سزای تاوانی خۆیان بگەیێندرێن".
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەم بۆنە خەمناكەوە پرسە و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و كەسوكار و هاوڕێ و ئاشنایانی خوالێخۆشبوو ئەكبەر حاجی ڕۆستەم و خەڵكی گەرمیان دەكەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.
لە کۆتاییدا دووپاتی دەکاتەوە، لە خودای گەورە داواكارین ڕۆحی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.