پایتەخت

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لە چارەنووسی مووچە دەدات

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لە چارەنووسی مووچە دەدات
کورتە

بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی داهاتی نانەوتی بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نێردراوە و ئەمڕۆ بڕیاری لەسەر دەدات

لە پاشكۆی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرسی مووچە لە ڕێگەی بڕیار دان لەسەر بۆچوون و ڕاپۆرتی ئەنجوومەنی دەوڵەت یەکلا دەکرێتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە،  ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز ئەنجام دەدات و پێشبینی دەکرێت ئەم کۆبوونەوەیە بڕیاری گرنگ لەسەر چەندین پرسی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستان بدات، بەتایبەتی لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ئەمساڵ و رێککەوتنە نوێیەکانی پەیوەست بە نەوت و داهاتە گشتییەکان.

ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆچوونی خۆی لەبارەی داهاتی نانەوتی ئامادەکردووە و بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی ناردووە، کە چۆن داهاتەکان بەپێی یاسای دارایی فیدراڵی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بۆچوونانەی ئەنجوومەنی دەوڵەت، دوایین بڕیار لەسەر داهاتە نانەوتییەکان دەدات.


بەگوێرەی بۆچووونی ئەنجوومەنی دەوڵەت پێنج پێشنیازی گرینگ لە بارەی داهاتی نانەوتی کراوە؛


یەکەم: دەبێت داهاتی گومرگی خاڵە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان 100% بۆ عێراق بگەڕێنرێتەوە و هیچ بەشێکی بۆ کوردستان، ئەمەش پێچەوانەی خواست و داواکاریی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە داوا دەكات 50% بە 50% بێت.

دووەم: ئەنجوومەنەکە پێشنیازیش دەکات ڕسووماتی گومرگی 50% بە 50% بێت. حکومەتی کوردستان بەم خاڵە ڕازییە و لاری لەسەر نییە.


سێیەم: ئەنجوومەنی دەوڵەت پێشنیاز دەكات 50%ی باج و ڕسوومات ئەوانەی بەپێی یاسا فیدڕاڵییەكان كۆدەكرێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان و 50%یشی بۆ عێراق بێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان  کێشەی لەگەڵ ئەم پێشنیازەدا نییە.


چوارەم: ئەنجوومەنی دەوڵەت پێشنیاز دەکات ئەو داهات و باجانەی بەپێی یاساكانی هەرێمی كوردستان كۆدەكرێنەوە، وەکو شارەوانی و کارەبا و..هیتد،  100%ی  بۆ هەرێمی كوردستان بێت، ئەم خاڵە لە بەرژەوەندیی حکومەتی کوردستانە.

پێنجەم: خاڵێكی گرنگی نێو نووسراوەكەی ئەنجوومەنی دەوڵەت ئەوەیە لێكدەركردن یاخود لێبڕین (مەقاسە) بکرێت لەنێوان هەولێر و بەغدا، واتا ئەگەر حکومەتی کوردستان خەرجی و پێداویستی هەبوو دەتوانێت پێشوەختە لە پارەکە بیگێڕێتەوە یان هیچ بڕە پارەیەک کە پشکی بەغدا بێت بۆی نەنێرێت، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق لەکاتی ناردنی مووچە و بودجە ئەم پارەیەی لێ کەم بکاتەوە.

جێی باسە هەر دوێنێ دووشەممە، ڕێككه‌وتنی نێوان وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێمی کوردستان، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان له‌ هه‌رێم واژۆ كرا و چاوەڕوان دەکرێت نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردە بکرێتەوە.


23 ئەیلوول 2025 10:01 55
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025