فوئاد حوسێن: جوگرافیا و ئاسمانی عێراق بووەتە گۆڕەپانی شەڕ

فوئاد حوسێن هۆشداری لە هەڕەشەكانی ئیسرائیل له دژی ئێران دەدات و دەڵێ کێشەی گەوره له ناوچەکه بە دوای خۆیدا دەهێنێت
وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری لە شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە نێو خاکی عێراق بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل لەدژی ئێران دەدات.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە نیویۆرک بە 'شەرق'ـی ڕاگەیاند، "جوگرافیا و ئاسمانی عێراق بووەتە گۆڕەپانی شەڕ، لێکەوتەی هەیە بۆ ئەم هێرشانەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، هیوادارین ئەو گرژییانە لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن."
فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەشکرد، زیادبوونی گوشارەکان لەسەر پرسی فەڵەستین و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گوشارەکان بۆ سەر ئێران زیاد دەکات و ئەمەش ئەگەری هەیە کێشەی گەورەی لێبکەوێتەوە، وە هەڕەشەکانی ئیسرائیل لەدژی ئێران، گرژی زیاتر و کێشەی گەورەتر لەناوچەکەدا بەدوای خۆیدا هێنا.
هاوکات فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە و ئەگەری گەڕانەوەی سزاکانی ئەوروپا بۆ سەر ئێران بە مەترسیدار وەسف کرد.