بڕیاری دامەزراندنی فەرمانبەران قەدەغەکرا

بڕیاری دامەزراندنی فەرمانبەران بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی كۆمیسیاران تا دوای هەڵبژاردن دەركردنی بڕیاری دامەزراندنی فەرمانبەران بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، لە دواین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی سەر بە كۆمیسیۆن، ژمارەیەك بڕیاری دەركراون كە بڕیارەكان مەبەستیان رێگریكردنە لە بەكارهێنانی موڵك و ماڵی دەوڵەت و قۆستنەوەیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
گوتەبێژی کۆمسیۆن زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات، بەگوێرەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران تا دوای كۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بابەتی دابەشكردنی زەوی نیشتەجێكردن و هەروەها پێدانی ڕێزو سوپاس بە فەرمانبەران و هاوكات بڕیاری دامەزراندنی فەرمانبەران بەهەموو جۆرەكانییەوە قەدەغەیە.
دووپاتیکردەوە، دەركردنی ئەم بڕیارانە بۆ ئەوەیە كە ئەو بابەتانە لەلایەن حزب و كاندیدەكانەوە وەك بانگەشەی هەڵبژاردن بەڵێنی هەڵبژاردن بەكار نەهێندرێن.
لە کۆتاییدا باسی لەوەشکرد، دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانیش پەیوەست ببن بە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەوە.