ئاڵا شێخ غائب: زیندانیکردنی لاهور شێخ جەنگی پێشینەیەکی مەترسیدارە

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان داوا ئازادکردنی لاهور شێخ جەنگی دەکات
ئاڵا شێخ غائب بەرزنجی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان داوای ئازادکردنی دەستبەجێی لاهور شێخ جەنگی دەکات و زیندانیکردنیشی بە هێرشکردنە سەر سەروەری یاسا و دەستوور لە قەڵەم دەدات.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئاڵا شێخ غائب بەرزنجی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک ڕایگەیاند، بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانەی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، نەک هەر کاریگەری لەسەر کەسایەتی ناوبراو هەیە، بەڵکو هێرشێکی ئاشکرا بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا پێکدەهێنێت و ناوبانگی دامودەزگاکانی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە لەبەرچاوی بیروڕای گشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییدا.
ئاڵا شێخ غائب داوا ئازادکردنی لاهور شێخ جەنگی دەکات و دەڵێ، وەک ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە هەڵوێستی پەرلەمانی و سیاسیمەوە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم دەستبەجێ لاهور شێخ جەنگی ئازاد بکەن، ئەم پێشێلکارییە دەستورییە قورسە ڕابگرن، لە ڕووی یاساییەوە لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە بەشدارییان لە بەردەوامی ئەم نادادپەروەرییەدا کردووە یان بێدەنگ بوون.