پایتەخت

لەم نزیکانە بەربەست لە بەردەم ناردنی مووچە نامێنێت

لەم نزیکانە بەربەست لە بەردەم ناردنی مووچە نامێنێت
کورتە

سەباح سوبحی ئەندامی لێژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت و نەمانی بەربەست لە بەردەم ناردنی مووچەی ڕایگەیاند

ئەندامێکی لێژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق نەمانی بەربەستی سەرەكی لە بەردەم ناردنی مووچەی هەرێم لە ڕێگەی هەناردەکردنەوەی نەوتەوە ڕاگەیاند و بەم نزیکانە دەستپێدەکاتەوە 

ئەمڕۆ دووشەممە، سەباح سوبحی، ئەندامی لێژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنامەی (ئەل عەرەبی) گوت، رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بەردەوامن و نزیکە، هەروەها رێککەوتنێکی سیاسی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەیە کە ڕێگە خۆشدەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە زووترین کاتدا.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، حکومەتی عێراق نەرمییەکی ڕوونی نیشانداوە لە جێبەجێکردنی داواکاریی کۆمپانیا نەوتییەکان، بە دابینکردنی گەرەنتی یاسایی و دارایی پێویست بۆ پاراستنی مافەکانیان، ئەمەش رێژەی لێکتێگەیشتنەکانی بۆ زیاتر لە (90%) بەرزکردووەتەوە.

سەبارەت بە گەورەترین بەربەستی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم سەباح سوبحی، ئەندامی لێژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق جەختی کردەوە، کە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان ڕەنگە کۆتایی بەو گرێیە بهێنێت، کە دوو ساڵە و نیو لە نێوان بەغدا و هەولێر بەردەوام بوو.

لەلایەکی دیکەوە وا بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێككەوتنی سێ قۆڵی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان واژۆ بکرێت، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕازی بوونە، هاوكات پرۆپۆزەڵی ڕێککەوتنی نەوت لەنێوان عێراق و تورکیا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە تەواو بووە.

22 ئەیلوول 2025 09:09 98
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025