ماوەی تۆمارکردنی ناوی حاجییان درێژ ناکرێتەوە

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە هۆشدرای دەدات
دوابەدوای بڕیارەکەی وەزارەتی ئەوقاف لەبارەی درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردنی ناوی حاجییان بۆ ماوەی 6 ڕۆژ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە هۆشدرای دەدات.
ئەمڕۆ یەکشەممە کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لەسەر بڕیاری وەزیری ئەوقاف لە پێناو هاوکاریکردنی هاووڵاتییان ماوەی تۆمارکردنی ناوی حاجییان تەنیا یەک جار درێژکراوەتەوە و تا ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە درێژ بکرێتەوە.
باسی لەوەشکرد، لە 26ـی ئەم مانگە کاتژمێر 12ـی شەو سیستمی تۆمارکردنی ناوی حاجییان ڕادەگیرێت.
جەختی لەوەشکرد، نزیکەی 80 هەزار ناو لە نێو سیستمەکە تۆمارکراوە و چەند ڕۆژێکمان پێویستە بۆ ئەوەی ناوەکان و پێداویستییەکان ڕێکبخەین.
لەبارەی ئەنجامدانی تیروپشک بۆ ناوی حاجییان گووتی: "لە مانگی داهاتوودا پێشبینی دەکەین پێشبینی بەشێوەیەکی فەرمی لە ئیڤێنتێکدا تیروپشک بۆ 80 هەزار ناو ئەنجام دەدەین".