لاهور شێخ جەنگی بەتەنیا لە ژوورێکی زینداندایە

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی گرتوخانەی کانی گۆمەیان کرد لە سلێمانی
یەک مانگ بەسەر ڕووداوەکەی لالەزار و دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی تێپەڕێ و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤیش دەڵێت: "لاهور و پۆڵاد هەریەکەیان بەتەنیا لەژووریک زینداندان".
ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەسەرۆکایەتی د.مونا یاقۆ سەرۆکی دەستە سەردانی گرتوخانەی کانی گۆمەیان کرد لەشاری سلێمانی.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، شاندەکه بەجیا سەردانی هەریەک لەلاهور شێخ جنگی و پۆڵاد شێخ جەنگیان کرد کە هەریەکەیان بەتەنیا لەژووریک زیندانین، دواتر سەردانی زیندانیانی تری شەڕەکەی لالەزاریان کرد.
باسی لەوەشکرد، تیمی دەستە بەدوا داچوونیان کرد بۆ ڕەوشی تەندروستی و شوێنی مانەوەی زیندانیان بەگشتی تەندروستی سەرجەم زیندانیان باشەو کەس و کاریان سەردانیان دەکەن.
جەختی لەوەشکردەوە، ئەوانەی داوای پارێزەریان کردووە بۆیان دابین کراوە وە ئەوەی داوای نەکردوە بەئارەزووی خۆی ڕەتی کردۆتەوەو هەروەها ڕێگە بەتلفۆن کردنیش دراوە بۆیان بەکەس و کاریان.
دەستەکە جەختی لەوەکردەوە، ئەو زیندانیانەی لەڕووداوەکانی لالەزار دەستگیرکرابوون پێشتر لەدژە تیرۆر بوون گوازراونەتەوە بۆ زیندانی ئاسایشی کانی گۆمە کەژمارەیان ئێستا زیاترە لە 200 زیندانی.
لەبارەی یەکلاکردنەوەی کەیسی لاهور شێخ جەنگی و هاوەڵانی گووتی: "لەدوای ڕووداوەکانی شەڕی لالەزارەوە تا ئێستا کەیسەکان یەکلا نەکراوەتنەوە بۆیە زیندانیان داوای یەکلاییکردنەوەی و جیاکردنەوەی کەیسەکانیان دەکەن بەڕێگای دادگا ولەکاتێکی دیاری کراودا".