پایتەخت

ئەڵمانیا و ئەمریکا نییە کوردستانی خۆمانە

کورتە

پڕۆژە ستراتیژییەکانی کوردستان بەردەوامن لە گەشەکردن؛ ستانداردترین ڕێگاوبانەکان لە هەولێرەوە بەرەو شارەکانی دیکە دروست دەکرێن

ئەمە نە ئۆتۆبانەکانی ئەڵمانیایە و نە ڕێگاکانی ئەمریکا، ئەمانە ڕێگاکانی پایتەختی هەرێمی کوردستانە

لە هەر لایەکی ئەم وڵاتەوە کە سەیر دەکەیت، پڕۆژەیەکی نوێ و ڕێگایەکی ساف و ئاوەدان سەرنجت ڕادەکێشێت، ئەمانە پڕۆژەکانی 150 مەتری و 120 مەتریی هەولێرن، کە سیمایەکی دیکەیان بە وڵات بەخشیوە، ئێرە کوردستانە و پڕۆژە ستراتیژییە گرنگەکان بەردەوامن لە جێبەجێ کردن، هەر ڕۆژە و لە لایەکی ئەم وڵاتەوە ڕێگای نوێ بۆ هاووڵاتییان دروست دەکرێت، لە هەولێرەوە بۆ دهۆک، زاخۆ، کۆیە و تا سەر سنووری حاجی ئۆمەرانیش ڕێگای نوێ و تایبەت بۆ هاتووچۆی خێرا و سەلامەت دروست دەکرێت، ئەویش بە جۆرێک، کە لە ئاستی عێراق و وڵاتانی دەوروبەریشدا نموونەیان نییە. 

چیتر بۆ گەشەی ڕێگاوبان و ئاوەدانیی نێوان شارەکان، پێویست ناکات سەرنجی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە بدەیت، لێرە لە هەرێمەکەی خۆمان باشترین ستانداردە جیهانییەکان، نوێترین دیزاینەکان، پێشکەوتووترین مەرجەکانی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و بە ئەزموونترین ئەندازیارەکان، ئەم پڕۆژە ستراتیژییانە ئامادە دەکەن، تاوەکو دووریی نێوان شارەکان کەم بکەنەوە و ئاوەدانی بە وڵات ببەخشن، پێشتر ئەگەر بە 2 کاتژمێر لە هەولێرەوە دەگەیشتییە شاری دهۆک، ئێستا ئاوەدانیی ڕێگاوبان وایکردووە، کە بە کاتژمێر و نیوێک لە ناوەندی شارەکە بیت، لە هەولێرەوە بەرەو کۆیە و دەربەندی گۆمەسپان بە دەیان کێشەوە ئەگەر ڕۆیشتبایت، ئێستا بە گوژمەی ملیاران دینار پڕۆژەی گرنگ و ئاسوودەی تێدا دروست کراوە و بەم نزیکانە کۆتایی دێت، بە هەمان شێوە بەرەو زاخۆ و بەرەو سنووری حاجی ئۆمەرانیش، ڕیگای دوو ساید و چەند ساید دروست کراون، کە هەر یەکەیان تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و ئاسوودەیی بە خەڵک و دڵخۆشی بە گەشتیاران دەبەخشن. 

هەرێمی کوردستان لە بەرەوپێشچوونێکی مەزندایە، چونکە لە ستراتیژی ترین پڕۆژەکان بۆ پێشکەوتنی هەر وڵاتێک لە ڕووی ئابووری، گەشتیاری و سەلامەتییەوە، پڕۆژەکانی هاتووچۆ و ڕێگاوبانن، هەولێر و هەرێمی کوردستانیش لە ئێستادا زیاترین فۆکسیان لەسەر ڕێگاوبانی نوێ و خێرایە، تاوەکو ئاسوودەیی و دڵنیایی زیاتر بە خەڵک ببەخشن و لە ڕووی جیهانی و نێودەوڵەتیشەوە، پێگەی باشتر و بەرزتر بەدەستبهێنن، هەموو ئەمانەش لە سایەی کابینەی نۆیەم و سەرۆک وەزیرانەکەیەوە مسۆگەر کراون.

21 ئەیلوول 2025 16:42 195
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025