ڕێوشوێنی تووند بەرامبەر بە ماتۆرسواران دەگرێنە بەر

لەمەودوا هەر ماتۆڕسوارێک بە بێ کڵاو و پێویستییەکانی سەلامەتی لێخورینی ماتۆڕ دەستی بەسەردا دەگیرێت
لە پێناو سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان ڕێکاری نوێ و تووندتر لەلایەن بەڕێوەبەرایتەی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر دژ بە ماتۆڕسواران دەگرێنە بەر.
ئەمڕۆ هەینی، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند، بە فەرمانی وەزارەتی نێوخۆ لێژنەیەکی هاوبەشی نێوان پۆلیسی هاتووچۆ و پۆلیسی هەولێر ئاگاداری بازاڕەکانی کڕین و فرۆشتن و چاککردنەوەی ماتۆڕیان لە ناو سەنتەری شاری هەولێر کردووەتەوە، بۆ ئەوەی خۆیان دوور بگرن لە دروستکردنی ماتۆڕ بە پارچە و مامەڵەکردن بە ماتۆڕی بێ سەرەتا و تۆمار نەکراو.
بۆ مەبەستی ئاگادار کردنەوەی هاووڵاتییان، ئەمڕۆ تیمەکانی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر لە بازاڕی شێخ ئەڵلا و بازاڕی هەولێر ئامادەبوون و ڕێ و شوێنی یاساییان بەرامبەر بە ماتۆڕی بێ سەرەتا گرت.
هاوکات لەمەودوا هەر ماتۆڕسوارێک بە بێ کڵاو و پێویستییەکانی سەلامەتی لێخورینی ماتۆڕ لەسەر شەقامەکان ببینرێت، ڕێوشوێنی یاسایی لەگەڵ دەکرێت و دەست بەسەر ماتۆڕەکەیدا دەگیرێت.