پایتەخت

مەلا بەختیار: یەكێتی كۆچی دوایی كردووە

مەلا بەختیار: یەكێتی كۆچی دوایی كردووە
کورتە

مەلا بەختیار دەڵێت یەکێتی لەڕێی هێزی چەكدارەوە توانیویەتی هەژموونی خۆی لە حكومەتی هەرێم و بەغدا بپارێزێت

مەلا بەختیار پێگەی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان لە سلێمانی بە مردوو لە قەڵەم دەدات و دەڵێت لە هەڵبژاردنی پێشوودا تەنها 2%ـی دەنگەكانی ئەو شارەی بەدەستهێناوە.


مەلا بەختیار، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی ئەل شەرقییە نیوز ڕایگەیاند، یەکێتی کۆچی دوایی کردووە، لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمان رەوایەتی جەماوەریی بۆ 2% دابەزیوە، چونکە لە سلێمانی تەنها 2%ـی دەنگەكانی بەدەستهێناوە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق ئەوەی خستەڕوو، دوای هەڵبژاردنی داهاتوو، پەرلەمانی بەغدا ناتوانێت کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکات، هەرکەسێکيش باوەڕی بەوە هەبێت کە ئەم پەرلەمانە دەتوانێت ئەو کێشانە چارەسەر بکات، لە دۆخی خەیاڵی دیموکراسیدا دەژی، تەنانەت رەوایەتی هەڵبژاردنیش بەرەو دابەزین دەچێت و رێژەی بایکۆت لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا گەیشتووەتە 88%.

سەبارەت بە مەلا بەختیار جەختی لەوەش کردەوە، یەكێتی توانیویەتی هەژموونی بەرچاوی خۆی لە حکومەتی هەرێم و ناوەندیدا بپارێزێت، بەهۆی ئەوەی خاوەنی هێزی چەکداری حزبیە، کە ئەمەش یەکێکە لە ئاستەنگەکانی لە ڕێگەی تەواوکردنی قۆناغی دیموکراسی لە عێراق و کوردستاندا.

لەلایەکی دیکەوە هەفتەی ڕابردوو مەلا بەخیتار لە بارەی شەڕەکەی لالەزار لەمیانەی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی دیموكراسی كە لە بەغدا بەڕێوەچوو ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەك بەشێك نییە لە دۆخێكی سەربازی نەخوازراو نە لە كوردستان و نە لە سلێمانی، بەهەموو شێوەیەكیش رەتیدەكاتەوە، هیواشی خواست ئەوەی لە سلێمانی روویدا لە هیچ ناوچەیەكی تری عێراق روونەداتەوە.

19 ئەیلوول 2025 10:30 244
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025