پایتەخت

قەدەغەکردنی ڕووماڵی تاوان لەسەر داوای دەستەی مافی مرۆڤ بووە

قەدەغەکردنی ڕووماڵی تاوان لەسەر داوای دەستەی مافی مرۆڤ بووە
کورتە

لە پێناو پاراستنی زانیاری تایبەتی تۆمەتباران و دەروونی خەڵک بڕیارێکی گرنگ درا

دوابەدوای قەدەغەکردنی ڕووماڵی تاوان و بڵاوکردنەوەی وێنەی تۆمەتباران گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت: "بڕیارەکە لەسەر داوای ئێمە بووە".

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە سلێمان موحسین، گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوو لەکاتی ڕوودانی تاوانەکان و هەندێ شەڕوکێشە هەندێ کەناڵی ڕاگەیاندن ڕوماڵی تاوانەکان و وێنەی تۆمەتباریان بڵاودەکردەوە بۆ ئەو مەبەستە دەستەی مافی مرۆڤ نوسراوێکی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد داوای کرد بەگشتاندنێک ڕێگری بکرێ لەبڵاوکردنەوەی وێنەی تاوان و شەڕو تۆمەتباران بۆ ئەو مەبەستە.

 

جەختی لەوەشکردەوە، بە پێی گشتاندنێكی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، كە ئاراستەی گشت وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت كراوە، لەمەودوا ڕێگە بە هیچ كەناڵ و پەڕەی تۆڕی كۆمەڵایەتی نادرێت، دیمەن و ڤیدیۆی ڕووداوی تاوان و تۆمەتباران و شوێن و كاتی تاوانەكان بڵاو بكەنەوە و ڕووماڵی بکەن.

 

باسی لەوەشکرد، ئەم گشتاندنە لەسەر بنەمای داواكارییەكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بۆ ئەنجومەنی وەزیران کراوە، كە تێیدا داوای كردووە، بۆ پاراستنی ڕێڕەوی لێكۆڵینەوە و لایەنی دەروونی و كۆمەڵایەتیی ژیانی خەڵك و نەقۆستنەوەی ڕووداوەكان بۆ دووبەرەكیی سیاسی و كۆمەڵایەتی.

 

گوتەبێژی دەستەکە دەڵێت: "ڕێگە نەدرێت ڕووماڵی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تاوان و تۆمەتباران بكرێت، ئەمەش لەپێناو سەلامەتیی گشتی و ئاسایشی تاك و كۆمەڵگە، ڕێزگرتن لە ڕێڕەوی لێکۆڵینەوە یاساییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ".

18 ئەیلوول 2025 21:12 48
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025