مەسرور بارزانی بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی لافاو 2 ملیار دیناری تەرخانکرد

لە پێناو ڕێگری کردن لە درووستبوونی لافاو لە هەولێر سەرۆکوەزیران بڕیارێکی گرنگ دەردەکات
لە چوارچێوەی ئامادەکاریی بۆ هاتنی وەرزی زستان، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان 2 ملیار دینار بۆ ڕێگریکردن لە درووستبونی لافاو تەرخانکرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە ئامادەکاریى بۆ وەرزى بارانبارینى ئەمساڵ و خاوێنکردنەوەی چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆل، خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆ و کەند و ڕێرەوە سروشتییەکانى ئاوى باران ئەنجامدرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی پارێزگای هەولێر، ئامادەکاری دەکرێت بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێ و پێویست بە مەبەستی ڕێگریكردن لە هەر حاڵتێکى نەخوازراوی گۆڕانی كەش و هەوا و چارەسەركردنی ئەو خاڵە لاوازانەی کە دەبنە هۆی دروستبوونی لافاو و پەنگخواردنەوەى ئاوی زیادە.
جەختیش لەوەدەکاتەوە، بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەكی كۆبوونەوەی ئاوی زیادە و دروستبوونی لافاو لە شارى هەولێر و دەوروبەرى، جەختی لە ئەنجامدانی هەڵمەتی گشتگیرى پاککردنەوەى سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆل، خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆ و کەند و ڕێرەوە سروشتییەکانى ئاوى باران بەر لە وەرزی باران بارین كردەوە.
پارێزگارى هەولێر لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوەکردەوە، لە سەر ڕەزامەندى مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕی 2 ملیار دینار وەک فریاگوزاریى بۆ چارەسەرکردن و خاوێنکردنەوەی ئاوەڕۆ و رێرەوەکانی ئاوی سروشتی و کەم و کوڕى و گرفتەکان و ئاوەڕۆ و شەقامە گشتییەکان و کوچە و کۆڵانەکانی شارى هەولێر و کەند و رێڕەوى سروشتى ئاوى باران و نەهێڵانى كێشەكان تەرخانكراوە.
دووپاتیکردەوە، دەبێت لە زووترین کاتدا ڕێکارى پێویست بگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنیان.