ماوەی تۆمارکردنی ناوی حاجییان درێژکرایەوە

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردنی ناوی حاجییانی ڕاگەیاند
بڕیاربوو دوو ڕۆژی داهاتوو فۆڕمی تۆمارکردنی ناوی حاجییانی ساڵی داهاتوو دابخرێت، بەم هۆیەوە وەزارەتی ئەوقاف بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی وادەکەی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئاینی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بەمەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ ھاوووڵاتییان، لەسەر فەرمانی بەڕێز د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی، بەھەماھەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری، ماوەی ناونوسینی حاجیان درێژکرایەوە.
وادەی درێژکردنەوەکە ڕادەگەیەنێت، بۆ 26ـی ئەیلول 2025، تا کاتژمێر دوازدەی شەو، لە دوای ئەم رێکەوتەوە ماوەی ناونوسینی حاجیان کۆتایی دێت و درێژ ناکرێتەوە.
وەزارەتی ئەوقاف هۆکاری درێژکردنەوەی ماوەکەی خستەڕوو، ئەمەش وەک دەرفەتێک بۆئەوانەی نەیانتوانیوە ناویان لەسیستمی نوێ تۆمار بکەن.