لەبارەی بەرزترین ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران ڕوونکردنەوە دەدرێت

دادگەیی باری کەسی کۆیە هەواڵی بڵاوبوونەوەی ئاماری جیابوونەوەی هاوسەران بە درۆ دەخاتەوە
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئاماری بەرزترین ڕێژەی هاوسەران دادگەی باری کەسی کۆیە ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت: "ئامارەکە دوورە لە راستییەوە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە دادگەیی باری کەسی کۆیە لە نووسراوێکدا ڕایگەیاند، ماوەی چەند ڕۆژێکە لە زۆرێک لە ئەکاونت و پەیجەکان بەناوی چەند پارێزەرێک ئاماری جیابوونەوەی هاوسەران بڵاوکراوەتەوە کە گوایە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکوو 1-9- 2025، 400 حاڵەتی جیابوونەوە لەدادگەی باری کەسیی کۆیە تۆمار کراوە.
دادگەکە هەواڵەکە ساغ دەکاتەوە و گووتی: "تەواوی ئەم هەواڵانە دوورن لە ڕاستی، هەروەها بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵانە بەبێ ئاگاداری ئاماری فەرمی ئەم دادگەیە بووە".
ئامارە فەرمییەکە ئاشکرا دەکات، لە سەرەتای ئەمساڵ تاوەکوو 1-9-2025، 151 داوای جیابوونەوەی هاوسەران تۆمار کراوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، دادگە بە مافی خۆی دەزانێت بەدواداچوون بۆ ئەم هەواڵانە بکات و ڕێکاریی یاسایی بەرانبەر ئەو کەس و پەیجانە بگرێتە بەر کە باری دەروونی خەڵک تێکد دەدەن.