پایتەخت

لەسەر پرسی مووچە ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆ چوارەم جار کۆدەبێتەوە

لەسەر پرسی مووچە ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆ چوارەم جار کۆدەبێتەوە
کورتە

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت چوارەم کۆبوونەوەی خۆی لەسەر پرسی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر بو بەغدا لەسەر داهاتی نێوخۆ ئەنجام دەدات

بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەنجوومەنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە و دواتر ڕاو بۆچوونی خۆیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنێرن.


ئەمڕۆ پێنج شەممە، ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی ئەو ناکۆکییانەی لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر داهاتی نانەوتی کوردستان هەیە، بۆ جاری چوارەم کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری ئەنجام دەدات، پێشبینی دەکرێت ئەمە کۆتا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە بێت لەسەر ئەم پرسەوە و بۆچوونی ڕاشکاو و یەکلاکەرەوەی خۆیان بخەنەڕوو.

هاوکات دوێنێ چوارشەممە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەن و ستافی گشتی و 18 لە کۆی 23 ئەندام بەڕێوەچوو، بەگوێرەی زانیارییەکان، بۆچوونی جیاواز لە نێو ئەنجوومەکە هەبووە، ئەمەش بووەتە دروستبوونی ئاڵۆزی بۆ گەیشتن بە بڕیاری یەکلاکەرەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی زۆربەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بۆچوونیان لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بووە و پێیان وایە حکومەتی هەرێم بە گوێرەی دەستوور و یاساکان لەسەر حەقە، بەڵام تەنیا دوو ئەندامی کۆبوونەوەکە ڕای پێچەوانەیان هەبووە و ئەمەش بووەتەوە هۆی ئەوەی کۆبوونەوەکە بۆ ئەمڕۆ دوابخرێت.

چاوەڕێ دەکرێت دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە، ڕاو بۆچوونی خۆیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بنێرن، ئەوانیش لە کۆبوونەوە بڕیاری لەسەر بدەن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە 50%ـی داهاتی فیدڕاڵی (باج و گومرگ) بدات بە بەغدا، لە بەرامبەرا 100% باجی ڕسووماتی نێوخۆ بۆخۆی هەڵبگرێت، ئەم پێشنیازە لە کاتێکدایە کە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی عێراق بە مەتاتی نووسراوە، وە خوێندنەوە و لێکدانەوەی جیاواز هەڵدەگرێت، ئەمەش یەکێک بووە لە هۆکاری نەگەیشتن بە چارەسەر لە نێوان هەولێر و بەغدا.

جێی باسە دوێنێ چوارشەممە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، جەخت لەسەر یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغدا کرا لەسەر بنەمای دەستوور و یاساکان، لەوانە یاسای بودجە، یاسای بەڕێوەبردنی دارایی و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، حکومەتی هەرێمی داوای کرد لە بەرامبەر ئەم پێشکەوتنانەدا، دەستبەجێ مووچەی مانگەکانی 7 و 8 خەرج بکرێن.

18 ئەیلوول 2025 10:05 52
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025