داوای 100 هەزار دۆلار بۆ ئازادکردنی ئەو کچە کوردە دەکرێت کە لە سووریا ڕفێندرا

ئەو کچە کوردەی لە سووریا بێسەروشوێن کرا لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە داوا هەزارەها دۆلار بۆ ئازادکردنی دەکرێت
دوای بڵاوبوونەوەی بێسەروشوێنبوونی سێ کچی کورد لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا، ئەو چەکدارانەی ئەو کچانەیان دەستگیرکردووە، داوای 100 هەزار دۆلار بۆ ئازادکردنی یەکێکیان دەکەن.
نورمان جەلال، هەڵگری پاسپۆرتی ئەڵمانیایە، سەرەتای ئەم ساڵ لە ئەڵمانیاوە گەڕابووەوە زێدی خۆی لە کۆبانێ و بڕیار بوو لە چەند رۆژی داهاتوودا بگەڕێتەوە بۆ شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا, بەڵام لە ڕۆژی 13ـی ئەم مانگە لە ئەڵمانیاوە بە ئۆتۆمبێلەکەی هاتبوو، لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی فاتیمە، کە خەڵکی کۆبانێیە، سەردانی حەلەبیان کردبوو، لە رێگا لە ناوچەی دێر حافیر ونبوون و لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو ڕفێندران.
یەکێک لە کەسوکاری (نورمان) بە ناوی (مستەفا عادل)، بە میدیاکانی راگەیاند، کە رفێنەرەکان لە ڕێگەی ئینستاگرامی (نورمان) پەیوەندی پێوەکردوون و سەرەتا داوای 30 هەزار دۆلاری کردووە بۆ ئازادکردنی نورمان، بەڵام رۆژی دواتر پەیامێکی دیکەی بۆ عادل ناردووە و گوتوویەتی بەهۆی ئەوەی خێزانەکەیان حکومەتی ئەڵمانیایان ئاگادار کردووەتەوە، بڕی پارەکە بۆ 150 هەزار دۆلار زیاد کراوە، بەڵام دوای ئەوەی کەسوکاری (نورمان) گوتوویانە توانایان نییە ئەو بڕە پارەیە بدەن، چەکدارەکان 100 هەزار دۆلاریان قبووڵ کردووە.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی (نورمان) بڕی 2,000 یۆرۆ (نزیکەی 2,370 دۆلار)ـی پێبووە کە باوکی لە ئەڵمانیاوە بۆی ناردبووەوە بۆ کڕینی پێداویستییەکانی کار (کاری جوانکاری) لە حەلەب، ئۆتۆمبێلەکەشی بەهای نزیکەی 15 هەزار دۆلارە، لەلایەن چەکدارەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
هاوکات ڕفێنەرەکان هەڕەشەی کوشتن دەکەن ئەگەر بێت و ئەم بڕە پارەیە نەدەن کە داوایان کردووە، تەنانەت ئەو کەسوکارەی لەلایەن چەکدارەکانەوە پەیوەندی پێکرا بوو، گووتی پەیامی دەنگی لە (نورمان) وەرگرتووە و تێیدا بە دەنگێکی پچڕپچڕ داوای یارمەتی دەکات و دەڵێت: "(مستەفا [عادل) هەموو شتێک سوور دەبینم، ئەوان دەمکوژن، ژیانم لە مەترسیدایە، بە ئەوان [خێزان] و باوکم بڵێ 25 هەزار [دۆلار] بدەن."
گومان دەکرێت نورمان لەلایەن لیواکانی سلێمان شا، ناسراو بە (عەمشات) دەستبەسەر کراوە، کە گرووپێکی میلیشیای ناودارن و لەلایەن ئەمریکاوە سزا دراون.
لە ئێستادا خێزانەکەی لەگەڵ حکومەتی ئەڵمانیا کاریان کردووە بۆ دۆزینەوەی شوێنی رفێنەرەکان لە رێگەی شوێنپێهەڵگرتنی ئەو ئامێرەی کە بۆ چوونە ژوورەوەی ئەکاونتی ئینستاگرامەکەی بەکارهاتووە و وەزارەتی ناوخۆی سووریاش دەستی بە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە کردووە.
جێی باسە جگە لە (نورمان) و ئەو کچەی لەگەڵی دا بووە، کچێکی دیکەی کورد لە ڕووداوێکی دیکەی جیاوازدا، بە ناوی (هەیفا عادل تاهر)ـی تەمەن 25 ساڵان لە ڕۆژی 13ـی ئەم مانگە، لە کاتی چووونی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا، لەسەر رێگای حەلەب - دێر حافیر، لە گوندەواری رۆژهەڵاتی حەلەب لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی گشتی ڕفێندرا و تا ئێستا بێسەرووشوێنە.