پێویستە لەگەڵ ڕادەستکردنی نەوت مووچەی مانگی 7 بنێردرێت

گوتەبێژی حکومەتی هەرێم ئامادەیی بۆ ڕادەستکردنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ڕاگەیاند و جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەمەودوا نابێت مووچە دوابکەوێت
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیارەکانی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕوونکردنەوە دەداتە جەخت لەوەدەکاتەوە، لەگەڵ ڕادەستکردنی نەوت مووچەی مانگی 7 بنێردرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بلاتفۆڕمی فەیسبووک بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و48 کاتژمێر دراوەتە وەزیری نەوتی عێراق بۆ ئەوەی بابەتی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت.
سەبارەت بە ڕەزامەندی کۆمپانیاکانی نەوت گووتی: "کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت ڕازیبوون بەوەی بەپێی یاساکانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و دەستبەرداری ئەو بابەتە بوون کە بە یاسا بیانییەکان مافی ئەوان پارێزراو بێت".
لەبارەی ڕەوانەکردنی مووچە باسی لەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان نوسراوی فەرمیکردووە کە بەشە نەوتی خۆی ڕادەستی سۆمۆ بکات، پێویستە لەگەڵ ڕادەستکردنی نەوت مووچەی مانگی 7 و مانگەکانی دواتری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
دووپاتیکردەوە، هیچ کام لەم ڕێوشوێنانە پێویست نەبوون، هیچ هۆکارێک نییە بۆ نەناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان و تەنها یاساکانی بودجە و یاسای کارگێڕی دارایی و دەستوور ببنە ناوبژیوان ئەوا یەک هۆکاریش نامێنێت بۆ خەرجکردنی مووچە لەپاڵ بڕیاری دادگای فیدراڵی.
لە درێژەی بڵاوکراوەکان هاتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم داواکارییەکان و ئەرکەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێکردون و نەناردنی موچە بێ موبەریرە.
پێشەوا هەورامانی دەڵێت: "ئێستا توانای بەرهەمهێنانی نەوت بەرەو ئاسایبوونەوە چووەو ڕۆژانە بڕی 233 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێت، دەستپێکردنی ناردنە دەرەوەی نەوت لە خزمەت دۆخی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت".
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشدا، هەموو هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی حکومەتی فیدراڵ لەو پێناوەیە کە هیچ مووچەیەکی مووچەخۆرانی هەرێم نەفەوتێت.