بەهۆی خواردنی کا 8 کەس گیانیان لەدەستدا

بەهۆی قاتوقڕی لە شارێکی سوودان خەڵک بە ناچاری (کا)ـیان خواردووە و دواتر گیانیان لەدەستداوە
شەڕی نێوخۆ لە سوودان تەنگی بە دانیشتووانی شارێک هەڵچنیوە و خەڵک لە برسان بە ناچاری کا دەخۆن.
ئەمڕۆ دوووشەممە، د. سێلیک، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سوودان بە گریانەوە قسەی بۆ نیویۆرک تایمز کرد و گووتی: 260 هەزار کەس لە شاری ئێل فاشەری سوودان دووچاری قاتوقڕی و بۆردوومان بوونەتەوە، لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو 18 کەس بە ناچاری (کا) و ئالیکەکانی دیکەی ئاژەڵیان خواردووە و گیانیان لەدەستداوە.
بە گوتەی تەها خاتەر، یەکێک لەو کارمەندانەی کە تا ئێستا لە شارەکە ماوەتەوە، یەک کیلۆ پاستا بە 73 دۆلار دەفرۆشرێت، کە 10 ئەوەندەی نرخی پێشووترە، ڕێکخراوەکەی کە پێی دەوترێت "ژووری وەڵامدانەوەی فریاگوزاری"، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا گیان لەدەستدانی 14 منداڵی بەهۆی بەدخۆراکی تۆمار کردووە.
تەنانەت دواین نەخۆشخانە،کە لەو وڵاتە خزمەتگوزاری تێیدا پێشکەش دەکرێت، تاوەکو ئێستا 30 جار هێرشی چەکداری و تەقەمەنی کراوەتەوە سەر، وە هەموو ڕۆژێک 30 بۆ 40 منداڵ تووشی بەدخۆراکی دەبنەوە و هانا بۆ نەخۆشخانەکە دەبەن، بەڵام لەوێ تەنیا (کا)ـی ئاژەڵ هەیە تا پێیان بدەن.
جێی باسە جەنگ لە سوودان دوو ساڵ لەمەوبەر لە نێوان سوپای نیشتمانی و ڕکابەرە نیمچە سەربازییەکەی RSF دەستی پێکرد، بەهۆیەوە دەیان هەزار کەس کوژراون و 12 ملیۆن کەسی دیکەش ئاوارە بوون.
شاری ئێل فاشەریش بە ترسناکترین گۆڕەپانی جەنگ لە شەڕی نێوخۆی دڕندانەی وڵاتی سوودان دادەندرێت، ماوەی 18 مانگە لە ژێر گەمارۆی هێزە نیمچە سەربازییەکانەوەدایە، کە هەوڵ دەدەن بە برسیکردنی شارەکە دانیشتووانەکەی خۆیان بەدەستەوە بدەن.