بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر موژدە دەداتە جووتیاران

جووتیاران پارەی گەنمەکانیان وەردەگرن
نزیکەی مانگێکە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە کۆتایی هاتووە و بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێریش موژدە دەداتە جووتیاران.
ئەمڕۆ یەکشەممە هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەو جووتیارانەی لە رێگەی حکومەتی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵ گەنمەکانیان ڕادەستی کۆمپانیای داس کردبوو ڕۆژی پێنجشەممە شایستە داراییەکانیان بەسەردا دابەش دەکرێت.
ڕوونیکردەوە، ئەو جووتیارانەی زووتر گەنمەکانیان رادەستکردووە و زووتر پارەکە وەردەگرن،بەڵام گشت جووتیاران بەسەر یەکەوە پارەکە وەردەگرن.
باسی لەوەشکرد، لەماوەی دوو هەفتەدا سەرجەم ئەو جووتیارانەی گەنمەکانیان ڕادەستی کۆمپانیای داس کردبوو پارەکانیان وەردەگرن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو نەفەوتانی مافی ئەو جووتیارانەی گەنمەکانیان ڕادەستی حکومەتی عێراق نەکردبوو، بڕیاریدا لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە گەنمی جووتیاران بە بازاڕکردن بکات.