بەنزینی موحەسەن لە کەرکووک بەرهەم دەهێندرێت

لە کەرکووک پاڵاوگەیەکی نەوت بەنزینی موحەسەن بەرهەم دەهێنێت
وەزیری نەوتی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، لە پاڵاوگەیەکی نەوتی کەرکووک بەنزینی موحەسەن ڕۆژانە بەرهەم دەهێندرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا راگەیاند، پاڵاوگەی كەركووك كە سەربە كۆمپانیای پاڵاوگەكانی باكورە، دەستیكرد بە بەرهەمهێنانی بەنزینی موحەسەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی بەمدواییە یەكەی هایدرۆجینكردن و ئایزۆمێكردن لە پاوگەكەدا كرایەوە.
دووپاتیکردەوە، توانای پاڵاوگەی كەركووك بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینی ئۆكتان بەرز دەگاتە 12 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.
حەیان عەبدولغەنی دەربارەی ئەم بەرهەمهێنانە ڕوونیکردەوە، ئەم پەرەسەندنە رۆڵی گەورەی دەبێت لە دابینكردنی بەشێكی گرنگی پێداویستی بازاڕی ناوخۆیی و ئاستی پشتبەستن بە هاوردەی ئەم ماددەیە لە بازاڕە جیهانییەكان كەمدەكاتەوە.