ئەم ژن و مێردە 2 هەزار دۆلاریان دزی بوو

لە سلێمانی ژن و مێردێکی بیانی 2 هەزار دۆلار لە دووکاندارێک دەدزن و دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێن
ژن و مێردێک لە سلێمانی بە بیانووی کڕینی کاڵا و شتوومەک، بڕی 2 هەزار دۆلاریان لە دووکاندارێک دزی.
ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سکاڵای لە دژی دوو کەس تۆمار کرد بوو، دوای لێكۆڵینەوەكان و بەدواداچوونەكانی پۆلیس توانرا تۆمەتباران لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕزگارییەوە دەستگیر بكرێن.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی دا هاتووە، ئەو دوو تۆمەتبارە هاوسەری یەکترن و خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، هەردووکیان چووبوونە دووکانێک و بە بیانووی كڕینی شتوومەك و وەرگرتنەوەی زیادەی پارە، بڕی 2 هەزار دۆلاریان لە سكاڵاكار دزی بوو.
لە ئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 446 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و دانیان ناوە بەتاوانەكەیاندا.