هەولێر سەوزتر و پاکتر دەبێت

پێنج پارکی گەورە لە ناوەندی هەولێر درووستدەکرێن و زیاتر لە 40 هەزار دار دەچێندرێت
پێنج پارکی گەورە لە ناوەندی شاری هەولێر دروستدەکرێن و زیاتر لە 40 هەزار داری جیاوازیش دەچیندرێت. ڕێژەی سەوزایی و دار و باخچەکانیش زیاتر دەبێت.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، مژدەیەکی خۆش دەدات بە دانیشتووانی شارەکە و ڕایدەگەیەنێت کە، بڕیار وایە پێنج پارکی گەورە لە درووست بکرێت کە شارەکە سەوزتر دەکەن و ژینگەی هەولێر پاکتر دەکەن، بڕیار وایە زیاتر لە 40 هەزار داری جۆراوجۆریش لە پارکەکان بچێندرێت.
ئومێد خۆشناوی لە نووسراوێکی تایبەت کە لە فەیسبووک بڵاوی کردەوە گووتی:
لە پێناو زیادکردنی ڕێژەیی سەوزایی و زیاتر پاراستنی ژینگەی شار، لە ناوەندی شاری ھەولێر لە سەر ڕووبەری 200 دۆنم زەوی دەستکراوە بە دروستکردنی 5 پارکی گەورە، کە تێیدا 40 ھەزار دار دەچێندرێت و ئەمساڵیش هەر پێنج پارکەکە تەواو دەکرێت، ئەوانیش:
1- دروستکردنی پارکێک لە نزیک شەقامی 120 مەتری، لەسەر ڕووبەری 80 دۆنم زەویی و نزیکەی 8 ھەزار داری تێدا دەچێندرێت، لەئێستادا نزیکەی لە 70%ی کارەکانی تەواو بووە.
2- دروستکردنی پارکی رەشکین لەسەر ڕووبەری 47 دۆنم زەویی و 16 ھەزار داری تێدا دەچێندرێت و لە ئێستادا لە 50%ی کارەکانی تەواو بووە.
3- دروستکردنی پارکی گەڕەکی نازدار لە سەر ڕووبەری 4 دۆنم زەویی و 6 ھەزار داری تێدا دەچێندرێت و لە 80%ی کارەکانی تەواو بووە.
4- دروستکردنی پارکی گەڕەکی ژیان لەسەر ڕووبەری 7 دۆنم زەویی و 5 ھەزار داری تێدا دەچێندرێت، کە ئەویش لە 70%ی کارەکانی تەواو بووە.
5- پارکی یەکتربڕی شەقامی 150 مەتری کە ڕووبەرەکەی 60 دۆنمە و کارکردن تیایدا بەردەوامە.
جێگەی باسە، لە شاری ھەولێر 26 پارکی گەورە و 204 باخچەی بچووک و 209 دارستان و 163 دوورگەی ناوەندی و 109 نافوورە هەن.