مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی عێراق بەرز دەبێتەوە

مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی عێراق بۆ 250 هەزار دینار بەرز دەکرێتەوە
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق لە نوێترین بڕیاریدا ڕایگەیاندووە، مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی عێراق بۆ 250 هەزار دینار بەرز دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی عێراق ڕایگەیاند، مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانی عێراق لە 170 هەزار دینارەوە بۆ 250 هەزار دینار جێبەجێ دەکرێت و ئەوان چاوەڕوانی تەرخانكردنی بودجەی پێویستن بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکە.
حەسەن خەوام وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی عێراق ڕایگەیاندووە، هاوکات لەگەڵ بەرزکردنەوەی مووچەی مانگانەی ئەو کەسانەی خاوەن پێداویستیی تایبەتن، چەندین ئیمتیازی دیکەش دەیانگرێتەوە، لەوانە كەمكردنەوەی 50% لەسەر نرخی بلیتی گەشتكردن بۆ كەسی كەمئەندام و یاوەرەكەی دوو جار لە ساڵێكدا، هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بەبێ باجی گومرگی، تەرخانكردنی 5%ی هەلی كار لە كاتی دامەزراندن لە وەزارەتە حكومییەكان و ناچاركردنی كەرتی تایبەت بە دامەزراندنی 3%ی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت.