کەی بیانەوێ بە دۆسییەیەکی گاڵتەجارانە درۆنێکت لێ دەدەن و دایخەنە سەر وڵاتێکی دراوسێ

سۆران عومهر لەبارەی دۆخی ئەمنی ئێستای سلێمانی هاتە دەنگ دەڵێت ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ مەترسیدارترین قۆناغە بۆ ئاسایش و سەلامەتی و پرسی ئازادی ڕادەربڕین
لەبارەی دۆخی سلێمانی و پاشکۆی ڕووداوەکەی لالزار، سۆران عومهر تانە لە بەرپرسانی سلێمانی دەدات و بە ئەنجامدەری تاوانی قێزەون تاوانباریان دەکات.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، سۆران عومهر، ئهندامی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق، له ههژماری تایبهتی خۆی له پلاتفۆڕمی فهیسبووک نووسی، لە دوای 21ـی ئابی ئەمساڵ سلێمانی لە ململانێی دوو ئامۆزادا، کە دەبابە و باجەر و درۆنی تێدا بەکارهێنرا، مەترسیدارترین شێوازی تۆقاندنیان نیشان دا، برینێکیان کردە جەستەی ئەم شارە کە لەبیرناکرێ و ساڕێژیش نابێت.
سۆران عومهر لە درێژەی نووسراوەکەیدا گووتی، دڵنیابن ئەو بێدەنگیەی باڵی بەسەر میدیا و کۆمەڵی مەدەنی و شەقامدا کێشاوە، بە سەرکووت بێ یان بە ئیرادە، کڕین یان جڵەوگرتن ئێوە تێیدا براوە نین، چونکە زۆر شانازیتان دۆڕاندووە!
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئەو ئەندامەی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ مەترسیدارترین قۆناغە بۆ ئاسایش و سەلامەتی و پرسی ئازادی ڕادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ، کەی بیانەوێ بە دۆسییەیەک لە گاڵتەجاڕیەکدا کە ناوی دەنێن دادگەیی زیندانت دەکەن، یان لە کردەوەیەکی تەموومژاویدا ماتۆڕ سوارێکت بۆ دەنێرن یان درۆنێکت لێ دەدەن و ئەیخەنە سەر وڵاتێکی دراوسێ.
لەبارەی کەیسەکەی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوی نوێ گووتی، : یان ئەو دۆسێی کە سەرۆک حزبێکی ئۆپۆزسیۆنی پێ دادگایی دەکەن گوایە وێنەی ئافرەتێک گیراوە! ئەگەر لەسەر ئەو بابەتانە خەڵک دادگایی بکرێ ئەوە کەسانێکی زۆری ناو هەندێ دەزگای ئەمنی دەبێ لەسەری لەسێدارە بدرێن!