زیاتر لە 68 هەزار کەس ناویان بۆ حەج نووسیوە

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێم ئاماری پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی حەجی ئاشکرا کرد
هەموو ساڵێک ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی هەرێمی کوردستان ناویان بۆ حەج دەنووسن و ئەمساڵیش زیاتر لە 68 هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە.
کاروان ستوونی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، ناونووسینی خەڵک بۆ حەج بەردەوامە و تاوەکو ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی 20ی ئەیلوولی 2025 بەردەوام دەبێت، هاوکات تا ئەمڕۆش 68 هەزار و 400 کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە.
کاروان ستوونی ئاماژەی بەەوەش کردووە، ناونووسینەکە بە شێوەی ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵە و بەبێ بەرامبەر بۆ هاووڵاتییان ئەنجام دەدرێت، ڕۆژانەش داواکارییەکان زۆرتر دەبن و خەڵک زیاتر ناو دەنووسێت، دوای پرۆسەی ناونووسین و پاش چەند ڕۆژێک لە پشکنینی ناوەکان لە ڕێگەی دەروازەی حەجەوە، کە ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری سەرپەرشتیی دەکەن، تیروپشک بۆ ناوی حاجیانی ساڵی 2026 دەکرێت.