پەتایەک هەموو ئێران دەخاتە دۆخی ئامادەباشییەوە

سەرەتای پاییزە و پەتایەکی وەرزی کە بە ئەنفڵۆنزای پاییزە ناسراوە لە ئێران بڵاوبووەتەوە
سەرەتای پاییزە و پەتایەکی وەرزی کە بە ئەنفڵۆنزای پاییزە ناسراوە لە ئێران بڵاوبووەتەوە و هەموو ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو وڵاتەی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، هەروەها حکومەتی ئەو وڵاتەی ناچار کردووە، کە ملیۆنان ڤاکسین لە دەرەوە هاوردە بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، محەممەد هاشمی وتەبێژی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئێران ڕایگەیاند، پەتای وەرزی کە بە ئەنفڵۆنزای پاییزە ناسراوە لە سەرانسەری ئێران بڵاوبووەتەوە، بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی شار و ناوچەکانی ئێران تووشی ئەم پەتایە بوون و مەترسیی بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە هەیە، ئەم پەتایە کاریگەریی لەسەر بۆرییەکانی هەناسەدان هەیە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کەسەکە تووشی هەناسەتووندی دەکات.
بەپێی قسەکانی محەممەد هاشمی، تاوەکو ئێستا یەک ملیۆن ڤاکسینی ئەنفڵۆنزا بەسەر تووشبوواندا دابەش کراوە و نرخی هەر ڤاکسینێکیش 917 هەزار تمەنە، بەڵام بۆ ئەو هاووڵاتییانەی باری تەندروستییان زۆر خراپە و توانای دابینکردنی نرخی ڤاکسینەکەیان نییە، بە بێ بەرامبەر بۆیان دابین دەکرێت.
جێگای ئاماژەیە کە ئەگەری هەیە بەهۆی کەشوهەوا و هاتوچۆی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بۆ ئێران و بەپێچەوانەوە، ئەم ڤایرۆسە بۆ ناوچەکانی هەرێمیش بگوازرێتەوە، بۆیە پێویستە ڕێکارەکانی وەکو شوشتنی بەردەوامی دەستەکان، بەکارهێنانی ماسک لە ژینگەی قەڵەباڵغدا، ڕەچاوکردنی پاکوخاوێنیی کۆئەندامی هەناسەدان لە کاتی کۆکە و پژمیندا، خۆراکی گونجاو، خەوی پێویست و چالاکیی جەستەیی ڕێک و پێک بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بەم پەتایە لەبەرچاو بگیردرێت.