پایتەخت

ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاو دەکرێتەوە

ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاو دەکرێتەوە
کورتە

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران باسی چی کرا؟

 

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتيی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەش بڵاو کرایەوە. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتيی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، سه‌ره‌خۆشی ئاراستەی بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكار و هاوڕێيانى خوالێخۆشبوو سەعد خالید، وەزیری پێشووتری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان کرد، کە ئەمڕۆ بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

لە بڕگەی یەکەمدا لەسەر دواپێشهاتی هەردوو دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و تاوتوێکردنی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ لەسەر ئەم دوو بابەتە، کە لەلایەن ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، وردەکارییەکان خرانەڕوو گفتوگۆ کرا. 

سەبارەت بە بابەتی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە کە پێشنیاری هەرێم سەبارەت بە پۆلێنکردنی داهاتی نانەوتی و شێوازی هاوبەشی پێکردنی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ پشتبەست بە هەردوو یاسای فیدڕاڵیی بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019 و یاسای بودجەی فیدڕاڵ ژمارە 13 ساڵی 2023 و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی کە بە ڕوونی چوارچێوەی یاسایی ئەم بابەتەیان دیاریکردووە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات پێشنیاری حکومەتی هەرێم بکاتە بنەما بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتی داهاتە نانەوتییەکان کە پشتبەستە بە یاسا فیدڕاڵییەکان و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، تا چیدی نەبێتە ئاستەنگی بەردەم خەرجکردنی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم. لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم داوای شایستەکانی خۆی بەگوێرەی یاسا دەکات ئەمەش وا دەخوازێ حکومەتی فیدڕاڵ، پێشنیار و تێڕوانینى یاسایی حکومەتی هەرێم لەمبارەیەوە قبوڵ بکات.

سەبارەت بە بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمیش، کەمال محەممەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، هەموو ئەو هەنگاو و ڕێکار و ئاسانکارییانەی وەزارەتەکەی خستەڕوو کە لەپێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئەنجامیان داوە و بەردەوامیشە لە هەوڵەکانی خۆی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش و هاوسەنگی سێ لایەنە کە لە بەرژەوەنديی گشتی بێت بە ئاراستەی هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕانەوەی داهاتەکەی بۆ گەنجینەی فیدڕاڵی، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی سامانە سروشتيیەکان ڕاسپێردرا بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتە هەڵپەسێردراوەکان و لابردنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی کۆنووسی هاوبەشی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان تایبەت بە پێشنیاریان سەبارەت بە پیادەکردنی یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە ژمارە (38)ی ساڵی 2007 بۆ ئەو خانەنشینانەی کە ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە کە لەلایەن شۆڕش ئیسماعيل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە و عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، خرایەڕوو.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پشتیوانی لە هەر ڕاسپاردە و بڕیارێک دەکات لە بەرژەوەنديی هێزەکانی پێشمەرگە بێت، بە ئاراستەی باشترکردنی مووچەی خانەنشینی و شایستەداراییەکانیان، بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد کە لەگەڵ دەستەی خانەنشینی نیشتیمانیی فیدراڵ، ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی باشترین بژاردەی یاسایی کە دابینکەری باشترین مووچەی خانەنشینی بێت بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کە شایانی باشترین خزمەتن، بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەنديی هێزەکانی پێشمەرگە وەک بەشێکی گرنگ لە سیستمی بەرگريی نیشتیمانی کە بەرپرسیاریەتيی بەرچاویان هەیە لە پاراستنی خاک و نیشتیمان، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد بۆ ئەوەی بە زووترین کات مووچەی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە خەرج بکات کە دواکەوتووە.
لە بڕگەی سێیەمیشدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشنیار و ڕاسپاردەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریيان سەبارەت بە ئاسانکاریی پێشینە و قەرزەکانی تایبەت بە بوارەکانی (خانووبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و نیشتەجێکردن و گەشتیاری) خستەڕوو، کە لە ساڵانی پێشتر، لەلایەن بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری، بە هاووڵاتییان دراوە.


لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا ئاسانکاریی پێویست بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە پێشتر سوودمەند بوون لە پێشینە و قەرزەکانی بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی بکات، ئەویش بە لێخۆشبوون بە ڕێژەی 15٪ ی بڕی ئەو پێشینە و قەرزانە، سەرەڕای لێخۆشبوون لە تەواوی سوودی بانکی و پێبژاردنی دواکەوتنی دانەوەی قەرزەکان، ئەم ئاسانکارییەش تاوەکوو 2025/12/31 بەرکار دەبێت بۆ ئەو هاووڵاتیيانەی دەیانەوێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرن. ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد ڕێنمایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەربکات.

10 ئەیلوول 2025 20:06 136
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025