ئەبوبەکر هەڵەدنی بۆ قوباد تاڵەبانی: ئەم پێشێلکاری و سەرپێچییانە بوەستێنن

ئەبوبەکر هەڵەدنی سەرکۆنەی پڕۆژەکانی سلێمانی دەکات کە چۆن بوونەتە هۆی تێکدانی ئیکۆسیستمی شار و کولتوور و شوناس
ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی لەبارەی تێکدانی سروشت و ژینگەی شاری سلێمانی بە ناوی بیناسازی و وەبەرهێنان لە خانووبەرە لەو شارەدا نامەیەکی کراوە ئاراستەی قوباد تاڵەبانی دەکات و چەند پرسێک لە نامەکەیدا دەورووژێنێت.
لە بەشێکی نامەکەیدا ئەبووبەکر هەڵەدنی نووسیویەتی، بیناسازی زۆر و تاشە کۆنکرێت نیشانەی گەشەسەندن و پێشکەوتنی شار نییە، بەڵکو هەموو ئەم فراوانخوازییەی کە لە شاری سلێمانیدا ڕوو دەدات تەنها تێکدانی ئیکۆسیستمی شار و کەلتوور و شوناسەکەیەتی، ئەو شوناسەی کە هیچ داگیرکەرێک لە ڕابردوودا نەیتوانییوە بیگۆڕێت، لە ماوەی دوو سالێ ڕابردوودا بەبەردەوامی هەموو لایەکمان ئاگادار کردۆتەوە لەو بارودۆخەی کە شاری سلێمانی پێیدا تێپەڕ دەبێت کە ڕێژەیەکی زۆرە لە سەرپێچی و پێشێلکاری لە ماستەرپلانی سلێمانیدا، تا ئەم کاتە ١٥ سەرپێجی و پێشێلکاری گەوەرە کراوەتە سەر زەوی پارێزراو و کشتوکاڵییەکانی، ئەمە تەنها لە ناوجەرگەی شارەکەدا، ئەم پێشێلکاری و سەرپێچییانە ڕۆژانە فراوانتر دەبن و دەستەڵات خۆی پاڵپشت و بکەری سەرەکییە لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی بیناسازەییەوە.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی لە نامەکەیدا باس لەوەش دەکات، ئەوەتا لە ڕێی میدیا و بەڵگەنامەکانەوە هەواڵی شێواندن و پلانی دەستکاریکردنی ئەو زەوی پارێزراوانەی کە لە چواردەوری هاوینەهاواری سەرچنار و گوڕینییەتی لە زەوی پارێزراوەوە بۆ زەوی نیشتەجێبوون و تەلارسازی و بازرگانی پەخش دەکرێت کە بەسەر ٥ زۆندا دابەشکراون، کە لە بنەڕەتدا دەبوایە ئەم ناوچانە سەوز پۆش بکرابان بۆ پارێزگاریکردن لە ڕارەوە ئاوییەکانی سەرچنار و پاراستنی ئیکۆسیستمی شارەکە، بە دروستکردنی ئەم پڕۆژانە، گەنجینەو عەمباری ئاوی سەرچنار و چینەکانی ژێر زەوی دەشکێن و لەناو دەچن و دەبنە هۆکاری دابڕانی پاکژترین ئاوی ژێر زەوی کە لە ناوچەی گۆیژەوە و شێرکوژەوە سەرچاوە دەگرن و دەڕژینە ناو ئاوی سەرچنارەوە.
ئەبووبەکر هەڵەدنی هەر لە نامەکەیدا ڕایگەیاندووە، حکومەتەکانی پێشوو هەمیشە ئەم ناوچانەیان بەرزنرخاندووە و وەک زەوی پارێزراو مامەڵەیان لەگەڵ کردووە چونکە ئەم زەوییانە بوونەتە سەرچاوەیەکی گەورەی ڕارەوی ئاویی ژێر زەوی سەرچاوە سەرەکەییەکانی ئاوی سەرچنار، هەربۆیە تا کۆتایی ساڵانی نەوەدەکان ئەم ناوچەیە هەر بە سەوزی و چواردەوەی بە کشتوکاڵ و باخداری مابۆوە، ڕەنگە بەبەردەوامی بانگەشەی دروستکردنی رێزرڤوار و گۆمی چەقچەق بدەن بە گوێماندا وەک ئەڵتەرناتەڤێک بۆ ئاوی سەرچنار و زەوییەکەی چواردەوری، بەڵام گۆمی چەقچەق بارتەقای ئاوی پاکژی سەرچنار ناکاتەوە کە لە ٣٧% ئاوی پاکژ دابین دەکات بۆ کۆمەڵانی خەلک، هۆکارەکەی ئەوەیە کە گۆمی چەقچەق یان ئەوەی کە ناوزەندی دەکەن بە (بەنداوی چەقچەق) گۆمێکی پاڵپشتە بە باراناو، بەداخەوە لە ماوەی ٣٤ ساڵی حکومڕانی کورددا هیچ جۆرە کەرەستەیەکی تەکنەلۆژی دابین نەکراوە بۆ فلتەرکردن و پاکژکردنەوەی ئاوی باراناو لە ڕووی کیمایی و بایلۆجی و فیزیکییەوە، ئیتر ئەم ئاڵوگۆڕو گۆڕانکارییە چ پاساوێکی هەیە بۆ فەراهەم کردنی سەرچاوەی ئاوی خواردن لەم گێژاوەی گۆڕانی کەشوهەوا جیهانییە و کەمئاوییەی هەرێم و عێراق ڕووبەڕووی دەبنەوە؟
لە کۆتاییشدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە هەر بۆیە ئەمانەوێت ئێوە و خەڵکی شاری سلێمانی لەم قۆناغە مەترسیدار و هەستیارە ئاگادار بکەینەوە و بە دەستەلاتی جێبەجێکاری شاری سلێمانی بڵێین جارکی تر ئاگادرای هەموو ئەو قۆرغکاری و سەرپێچیانە هەین کە لەشارەکەدا بە ڕۆژی ڕووناک پەیڕەو دەکرێن، جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەم پێشێلکاری و سەرپێچیانە بوەستێنن کە تەواوکەری ئەو زنجیرە پێشلکارییانەی کە کراوەتە سەر ناوچەی گۆیژەو هەموو ناوچەکانی تر چونکە لە کۆتایدا ئەم شاڵاوەتان دەستدرێژییە بۆ سەر موڵکی گشتی و تینووکردنی خەڵکی شاری سلێمانیە، بە بەردەام بوونی ئەم جۆرە پرۆژانە و دەرئەنجامەکانی، سلێمانی دەکەنە شاری پڕ لە تارمایی و کۆنکرێت.
دەستەی پاراستنی سروشت و موڵکی سلێمانی
٩ی ئەیلولی ٢٠٢٥