پایتەخت

کابینەی نۆیەم کێشەی درێژخایەنی کارەبای چارەسەر کرد

 کابینەی نۆیەم کێشەی درێژخایەنی کارەبای چارەسەر کرد
کورتە

وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان جەخت لە دەسکەوتەکانی کابینەی 9 لە سێكتەری كارەبا دەکاتەوە

لەدوای دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێریی بۆ هاووڵاتییان، وەزیری کارەبا جەخت لەوەدەکاتەوە، کابینەی نۆیەم كێشەیەكی ئاڵۆز و درێژخایەنی وەك كارەبا چارەسەر بكات.

ئەمڕۆ چوارشەممە كەمال محەمەد، وەزیری كارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بە پاڵپشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت توانیمان چاكسازیی لە سێكتەری كارەبا بكەین و بە زیادكردنی بەرهەمهێنان و دانانی ژمارەیەكی زۆری پێوەری زیرەك و كەمكردنەوەی سەرپێچییەكان ژێرخانێکی پتەو بنیاد بنێین. 

باسی لەوەشکرد، بەهۆی ئەم ژێرخانەوە، دەستمان بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەك و پڕۆژەی ڕووناكی کارەبای 24 كاتژمێری کرد و بووە وەرچەرخانێك لە سێكتەری كارەبا و بەستەرێک بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەکی بەردەوامی کارەبا.

بە گرینگییەکەوە باسی پەیامی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکات، بە ڕوونی دەستكەوتی جێبەجێكردنی بەڵێنەكەی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارەبا خستەڕوو و پێش وادەی دیاریکراو كەمتر لە ساڵێك، نیوەی دانیشتووانی هەرێم، لە ناوەندی شارەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە و دەوروبەری سەنتەری شارەكان بوونەتە خاوەنی كارەبایەكی 24 كاتژمێری. 

دووپاتیکردەوە، هەڵەبجە وەک یەكەمین پارێزگای هەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی هەموو عێراق بووە خاوەنی كارەبایەكی 24 كاتژمێری.

وەزیری کارەبا ڕوونیکردەوە، ئێستا لە (80%)ی خەڵك پارەیەكی كەمتر لە جاران بەو كارەبایە دەدەن، كە پێشتر بە مۆلیدەكانیان داوە.

ئاماژە بەوەش دەدات، كابینەی نۆیەم توانی كێشەیەكی ئاڵۆز و درێژخایەنی وەك كارەبا چارەسەر بكات.

جێگەی باسە، چوار ملیۆن هاووڵاتی، زیاتر لە (50%)ی هاووڵاتییان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان و زیاتر لە 115 هەزار شوێنی بازرگانی، لە ڕێی ئەم پڕۆژەیەوە كارەبایەكی 24 كاتژمێرییان هەیە.

لە کۆتاییدا گووتی: "زیاتر لە 3222 مۆلیدەی گەڕەكەكان كوژێنراونەتەوە و سوودێكی یەكجار زۆری بۆ تەندروستی و سەلامەتیی هاووڵاتییان هەیە".

10 ئەیلوول 2025 13:17 28
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025