لەبارەی پرسی مووچە و نەوت ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە

فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندووە کە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان لەبارەی پرسی مووچە و نەوت و سێ تەوەری دیکە کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم، ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات و چەندین پرسی گرینگ تایبەت بە ژیانی خەڵک تاوتوێ دەکرێن.
لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، گفتوگۆ لەسەر پرسی مووچە و بڕیارەکانی سوودانی دەکرێت پەیوەست بە داهاتی نانەوتی کە ئاراستەی ئەنجوومەنی دەوڵەت کراوە، وە گفتوگۆ لەبارەی پێشنیازی سوودانی دەکرێت بۆ ڕێککەوتنامەنی سێقۆڵی لەنێوان هەولێر و بەغدا و کۆمپانیاکان.
ئەمە لە کاتێکدا دوێنێ سێ شەممە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەیزرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوو بڕیاری سەبارەت بە پرسی پەیوەست بە مووچەی خەڵکی کوردستان دەرکرد، ئەوانیش نەوت و داهاتی ناوخۆ بوون، دواتریش داوای لە وەزیرانی کورد کردبوو حکومەتی کوردستان لەو بڕیارە ئاگادار بکەنەوە، ئەوانیش پەیامەکەیان بە حکومەتی کوردستان گەیاندووە.
جگە لە پرسی نەوت و مووچە، سێ تەوەری دیکەی تایبەت بە ژیانی خەڵک توتوێ دەکرێن، ئەوانیش، یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە، ڕاسپاردەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، سەبارەت بە ئاسانكاریی پێشینە و قەرزەكانی تایبەت بە (خانووبەرە، كشتوكاڵ، پیشەسازی، نیشتەجێكردن و گەشتیاری)، هەروەها ڕێکخستنەوەی ڕێکار و ڕێنماییەکانی تایبەت بە باج.