پایتەخت

20 کەس لە بەغدا لەسەر پارەی مۆلیدە کوژران و بریندار بوون

20 کەس لە بەغدا لەسەر پارەی مۆلیدە کوژران و بریندار بوون
کورتە

لەسەر پارەی کارەبای مۆلیدە شەڕ و پێکدادان لە نێوان دەیان کەس و هێزە ئەمنییەکان ڕوویدا



لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا کێشە لەسەر پارەی مۆلیدە دروست بوو و بەهۆیەوە 20 کەس کوژران و بریندار بوون. 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەهۆی کێشە و ناکۆکی لەسەر پارەی کرێی مۆلیدەی کارەبا لە ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی بەغدا شەڕی چەکداری و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان چەند کەسێک و هێزە ئەمنییەکاندا ڕوویدا.

وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە، بەهۆی گرژییەکانەوە دوو ئەفسەری هێزە ئەمنییەکان کوژران و نۆ پۆلیسیش برینداربوون، هاوکات دوو کەس لە دەستدرێژیکارەکان کوژران و 7 کەسیشیان بریندار بوون. 

عەقید عەباس بەهادلی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاندووە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، ڕووبەڕووی تەقەی ڕاستەوخۆی هێرشبەران بوونەوە و برینداربوونی ئەفسەرێک و پۆلیسێکی لێکەوتەوە، سەرەڕای وەڵامدانەوەی خێرای هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی، بەڵام چەکدارەکان ژن و منداڵیان وەک قەڵغان بەکارهێنا، ئەمەش ناچاری کردن هێزەکان هەڵمەتەکە دوابخەن بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی.

عەقید عەباس بەهادلی ڕاشیگەیاند، لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی ناوچەکەیان داوە و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەم گرفتە دەکەن، هەر بەوهۆیەشەوە 20 تۆمەتبار دەستگیر کراون و فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ ئەو کەسانە دەرچووە کە لە یاسا دەرچوون و چەکی بێ مۆڵەتیان هەڵگرتووە.

09 ئەیلوول 2025 14:42 177
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

دوایین هەواڵەکان

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025