سیستەمێکی نوێی دیجیتاڵی ڕاگەیاندرا

لە پێناو کارئاسانیکردن بۆ هاووڵاتییان وەزارەتی کارەبا، سیستەمێکی نوێی دیجیتاڵی ڕاگەیاند
لە پێناو کارئاسانیکردنی ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان وەزارەتی کارەبا، سیستەمێکی نوێی دیجیتاڵی لە چەند شارێکی کوردستان ڕادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بە خۆشحاڵییەوە سیستەمێکی نوێی دیجیتاڵی لە هۆبەی فرۆشیاری ووزەی دهۆک، زاخۆ و باتیفا کە نزیکەی 250،000 هاوبەش سوودی لێدەبینن کارا دەکرێت.
هۆکاری دانانی سیستەمەکە ئاشکرا دەکات، ئەم سیستەمە نوێیە لە هۆبەکانی فرۆشیاری ووزە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان یەکدەخرێت و سوودی دەبێت لە ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و پڕۆسەی پسوولەکردن بەشێوەیەکی خێراتر و ئاسانتر.
جێگەی باسە، پێشووتر هەمان سیستەم لە هۆبەکانی فرۆشیاری هەولێر و سلێمانی جێبەجێکرا و ڕەنگدانەوەی چاکسازییەکانی پڕۆژەی ڕووناکییە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ تەواوی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.
باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا زیاتر لە 50%ـی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان سوود لە یەک سیستەمی دیجیتاڵی یەکگرتوو وەردەگرن بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانییان.
ئەوەشی خستەڕوو، بەگەڕخستنی ئەم سیستەمە نوێیە بەشێکە لە چاکسازییەکانی پڕۆژەی ڕووناکی کە تییایدا نزیکەی 4 ملیۆن هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە، کە دەکاتە زیاتر لە 50٪ـی کۆی دانیشتوانی کوردستان.