عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی نەوت ڕێکدەکەون

جێگری وەزیری وزەی تورکیا لەبارەی هەوڵەکانی نێوان هەرێم و عێراق بۆ ڕێککەوتن لەسەر پرسی نەوت زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات
شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق لە کۆبوونەوەکانیان بۆ ڕێککەوتن لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بەردەوامە، لەمبارەیەوە جێگری وەزیری وزەی تورکیا زانیاری دەخاتەڕوو.
ئەمڕۆ دووشەممە ئەحمەد بەرات، جێگری وەزیری وزەی تورکیا ڕایگەیاند، تورکیا هەوڵێکی جددی دەدات بۆ ئەوەی دووبارە هێڵی بۆڕی نەوتی کەرکووک جەیهان بکاتەوە، ئەوەی لەدەستمان بێت کردوومانە بۆ کردنەوەی هێڵەکە.
جەختی لەوەشکردەوە، ئیشاڵڵا بەم زووانە ئەو هێڵە نەوتییە دەکرێتەوە و بە قەبارەیەکی گەورەتر و چالاکتر هەناردەی نەوت دەست پێدەکەینەوە.
ناوبراو بە گرنگییەوە باس لەوەش دەکات، ئێمە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین و لەگەڵ عێراق لەسەر ئەم پرسە لە پەیوەندیداین.
ئەحمەد بەرات ئاشکراشی دەکات، عێراقیش پێمان دەڵێن کە دانووستان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان و حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند نزیکە لە تەواوبوون.
شایەنی باسە، جێگری وەزیری وزەی تورکیا هیوایەک دەخوازێت و دەڵێت: "بەهیوای ئەوەی کە ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن، پێشبینی دەکەین ئەم بۆرییە بە زۆرترین توانا بەکاربهێنرێت".